کارناسانی نەتەوە یەکگرتوەکان داوای ڕاگرتنی حوکمی لە سێدارە دانی مەحەممەد کەڵهوڕی دەکەن

KMMK: پسپورانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکەن حوکمی لە سێدارەدانی مەحەممەد کەڵهوڕی بوەستێنێت کە لە تەمەنی ۱٥ ساڵی دا توشی تاوانی کوشتن بووە.

بە پێ زانیاریەکان مەحەممەد کەڵهوڕی یەکی سەرماوەزی ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاویی لە کاتی دەرس خوێندن لە قوتابخانەی” حافیزیەی بروجێرد” بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر موحسینی خەشخاشی مامۆستای فیزیا و دەیکوژێت. .

حوسێن ئاقاخانی پارێزەری مەحەممەد کەلهوڕی لە مانگی ڕەشەمێ ساڵی ڕابردو گوتبویی کە: مەحەممەد دوای ئەوەی تەمەنی بوو بە ۱۸ ساڵ لە سەنتەری تەربیەت و چاک کردنی لۆڕستان بۆ زیندانی کۆماری ئیسلامی لە بروجێرد گوازراوەتەوە و بە هۆیی حوکمی کۆتایی، هەر ئان و ساتێک ترسی لە سێدارەدانی ناوبراو هەیە.

دەفتەری کومیساریای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان بە پێی داتا و رێساکانی نێونەتەوەیی بڕیاری لە سێدارەدانی کەسێک کە لەژێر تەمەنی ۱۸ ساڵی توشی کردەوەی کوشتن بوە، بە نایاسایی دەزانێت.

کارناسانی مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی مەحەمەد کەڵهوڕی لە ئێران دەکەن.

ئەم بەیاننامەیه لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەکات کە ( ئێران بە ئیمزای ڕێكەوتنامەی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی وە پەیماننامەی مافی منداڵان پەیمانی داوە کە بڕیاری لە سێدارەدان بۆ کەسانی ژێر ۱۸ ساڵ مەمنوع بکات، لەم ڕوانگەوە ئەم حوکم و بڕیارە بۆ لە سێدارەدانی مەحەممەد کەڵهوڕی نابەجێ و خۆسەرانەیە.

پارێزەرانی مەححمەد کەڵهوڕ پێشتر بە دەستێواردانی هێزە سیاسی و ئەمنیەتیەکان هۆشداریان دابوو کە وەزارەتی پەروەرد و عەلائەدینی بروجێردی پەڕڵەمانتاری ئێران بۆ شاری بروجێرد بە ناردنی چەند نامەیەک بۆ دادوەر و دەستگای دادوەری ئێران داوای توندترین سزایان بۆ مەحەممەد کەڵهوڕی کردوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان