دەستبەسەرکردنی کۆڵبەران و تاڵانی کۆڵ و باری کاسبکاران لەهەورامان و پیرانشار

kmmk

ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان سالی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٦ کۆڵبەری کورد لەکاتی دەرباز بوون لە بازگەی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەردەنەی تەتەی هەورامان، سەر بەشارستانی سەوڵاوا، لەلایەن ڕایەدارێک بەناوی شەعبانلوو ڕادەگیرێن و لێدان و سووکایەتیان پێ دەکرێت و لە کۆتایدا دەسبەسەر و دەگوازرێنەوە بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان.

ئەم شەش کۆڵبەرە کوردە هیچ کەلوپەلێکیان پێ نەبووە و بەبێ هۆکار لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ڕووبەڕووی لێدان و بێ ریزی و دەستبەسەر کردن دەبنەوە و ڕاگوێزی بەندیخانە دەکرێن و قەرارە لەچەن ڕۆژی داهاتوو لە دادگای کۆماری ئیسلامی لەشاری مەریوان دادگایی بکرێن.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردان، سێ کاسبکاری کورد بە ناوەکانی ” عەبدوڵڵا ڕەسووڵ نژاد، ئیسماعیل پوورسەعید و محەممەد پوورسەعید» خەڵکی گوندی “گەپڵەسن و گوندی جەڵدیان” سەر بە شاری پیرانشار لە بەرزاییەکانی “سپی ڕێز” لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە قوڵپێچ کران و دەستبەسەر ، ١١ ئەسپ و تەواوی شتومەکی ئەو کاسبکاراندا گیرا.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەستگرتن بەسەر شتومەکی کاسبکاران، لێدان وسووکایەتی، دەست بەسەرکردن و تەقەی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران، هەوڵ دەدات کۆمەڵگا چاوترسێن بکات تا بەم شێوەیە هاووڵاتی بێدەرەتانی کورد دەست لە کۆڵبەری هەڵبگرێت؛

بەڵام هاووڵاتی کورد بۆ دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیان لەم دۆخەنالەبارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناچاری ڕووی لە کۆڵبەری کردووەو هەرچەنەیش ڕۆژانە ڕووبەرووی مەرگ دەبێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان