بریندار بوونی دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقەی هێزەسەربازییەکانی ئێران 

kmmk: ڕۆژی دووشەمە ۷ی جۆزەردانی ساڵی ۹۷ ی هەتاوی، بەهۆی تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بەرانبەر بە کاروانێک لە کۆڵبەران لە ناوچەی سپی ڕیزی ناوچەی شنۆ، کۆڵبەرێک خەڵکی کانی ڕەش بە ناوی سیروان مورادی بە توندی بریندار بوو.

لە ڕاپۆرتێکدا کە  کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان چەند ڕۆژ بەرێ بڵاوی کردبویەوە و لە هەواڵەکەدا باسی لە بریندار و کوژرانی دووکۆڵبەری تری کردبوو کە لە ئەنجامی هێرشی هێزە سەربازییەکان بۆ سەر کۆڵبەران ببونە قوربانی.

لە لاێیکی ترەوە کاسبکارێکی کورد خەڵکی سەڵماس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە گومانی جێبەجێکردنی شتومەکی قاچاخ لە لایەن هێزی سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە درایە بەردەسڕێژ و بەتوندی بریندار کرا. مافنیوز ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەی  بە ناوی “نێعمەت فرازی ” بڵاوکردۆتەوە.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرچەن خاوەنی ژێر خانێکی زەنگین و بە پیتیە و دەیان هەزار خوێندکاری ئاستی سەرەوەی وەک هێزی کار هەیە، بەوحاڵەشەوە سەدان کیلۆمیتری خەتی سنووری نێوان باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، بێبەرینە لە هەر چەشنەکارگەو کارخانەێیک و بە ناچاری خەڵکانێکی زۆر ڕوو دەکەنە کاری دژواری کۆڵبەری کە ڕۆژانەش دەبنە ئامانجی دەسڕێژەکانی هێزە جۆراوجۆرەکانی حکومەتی ئێران.

بێکاری و نەبوونی پێشکەوتنی ئابوری دەست ئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراو لە لایەن حکومەتەوە، بارو دۆخێکی نالەباری بۆ هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاندوە.

پێویستە بە بیری بێنیەوە بە پێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە (۳) سێ ملیون هاووڵاتی کورد بۆ بژێوی ژیانیان و دابینکردنی پێداویستیەکانیان ڕوویان لە گەورە شارەکانی جوغڕافیای سیاسی ئێران کردوە.

کۆماری ئیسلامی بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو و ئامانجدار ڕێگری لە گەشەی ئابوری ڕژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەرەتانی لە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان