رۆژی کرێکار بکەینە رۆژی زەق کردنی گرفتەکانی کۆڵبەرانی کورد
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای رێزگرتنی رۆژی جیهانی کرێکاران، داوا لە تەواوی کرێکاران و گەلی کوردستان دەکەیەن، ئەو رۆژە بکەنە رۆژی دەربرینی نارەزایەتی بە نایەکسانی و ناعەداڵەتیەکان و رۆژی داواکاری مافە سەرەتاییەکانی کرێکارانی کۆمەڵگامان، بە شێوازێک کە رۆژی کرێکار وەک رۆژێک بۆ گرینگی پیدان بە کۆڵبەرانی زۆڵم لێکراوی کوردستان واتادار کەین.
هەر وەک ئاگادارن بێکاری و هەژاری، نەبوونی ئەمنیەتی کاری، حەق دەستی کەم ، کاری زۆر و نەبوونی بیمە، نەبوونی دەرفەتی کردنەوەی سەندیکا و ناوەند و هتد، رۆژانە ژیانی کرێکاران دەکاتە ئامانج و بەو هۆکارانە و دەیان هۆکاری تر، ژیانی ئاسایی و نۆرماڵیان زەۆت کراوە.
ئەوە جیا لە گوشار و زەخت و زۆریەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدنگ کردنی کرێکارانە.
لەماوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، کرێکاران، کاسبکاران و کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین زۆڵم و زۆریان بەرکەوتوە و ژیانیان بە سەختترین قوناغە کان دا تێپەڕ دەبێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات بە کەم کردنەوە و برینی بەشە بودجەی رۆژھەڵاتی کوردستان، کارخانه و کارگاکان بەرەوروی داخستن کردۆتەوە. سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران بۆتە هۆی بێکاری زیاتری خەڵک و کرێکاران، لە ئاکامدا کارگەلێک وەک کۆڵبەری پەرەی سەندوە، کارگەلێک کە ناتوانرێ وەک کار چاوی لێکرێت، سڵامەتی کۆڵبەران دەخاتە مەترسی و خۆی هۆکارێکە بۆ فەقیری و بێکاری زیاتر، بەپێی ئەوەی کە وەک دیاردەیەک پەرە دەستێنێ و کاری راستەقینە شکڵ ناگرن.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، مافی سازدانی سەندیکا، مافی مانگرتن و گردبوونەوە، ئازادی رادەربڕین و تەواوی مافە بناغەیەکان بە مافی کرێکاران دەزانین و هاوکات لەتەک کرێکاران بانگەوازی دەستبەرکردنیان دەکەین.
بۆیە پێویستە گوشارە ئەمنیەتی و سیاسیەکان، حوکمی زیندان ، گوشار و زەخت و زۆریەکان بۆ سەر کرێکاران کۆتایی پێبێت.
پێویستە مافی سازدانی سەندیکا و ناوەند ئازاد بێت و کرێکاران بتوانن ئازادانە خۆیان سازمان بدەن و ئازادانە ویستەکانی خۆیان بەیان کەن.
پێویستە حەقدەستی کرێکاران بە لەبەرچاوگرتنی کاریان بێت، پێویستە حەقدەستی کرێکاران بەحەدێک بێت کە بتوانن ژیانی ئاسایی و باش بۆخۆیان دابین کەن.
پێویستە بێمەی بێکاری، سەڵامەتی و هتد بۆ کرێکاران دیاری بکرێت.
سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بریتی بووە لە پەرەپێدانی دواکەوتوویی ئابووری، بە شێوازێک کە تەواو هێزی کۆمەڵگای کوردستان لەناو ببات، بەپێی ئەوەی کە ئابووری رۆکنێکی ئەساسی کۆمەڵگایە، پێویستە هەموومان بەرپەرچی ئەو سیاسەتە بدەینەوە و هەوڵ بدەین حکومەتی ئێران ناچار کەین، سیاسەتی پەراوێزخستن وەلا بنێت و پاشەکشە بکات.
جارێکی تر رۆژی کرێکار لە هەموو کرێکاران و کۆمەڵگای کوردستان پیرۆز دەکەن و هیوادارین بە یەکریزی و یەکدەنگیمان ببینە دەنگی زۆڵم لێکراوان و کرێکاران و کۆڵبەران کە زۆرترین ناعەداڵەتی و زۆڵم و زۆر لەسەریان بەرێوە دەبردرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان