ئیلام/ خۆکوژی نزیک بە ۵۰۰۰ هەزار کەس لە ساڵی ۲۷۱۷

KMMK:

بە پێی ووتەکانی یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی زانستی گرووپی کۆمەڵناسی ئێران، نزیک بە ۵۰۰۰ هەزار کەس لە ئیلام لە ساڵی ۲۷۱۷ ی کوردی خۆیان کوشتووە.

سالار کەسرایی، ئەندامی لێژنەی زانستی گرووپی کۆمەڵناسی، توێژەرگەی زانست و خوێندنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە مێهرەجانی «ژن لە پانتای کەلتوور و شارستانییەتی عیلام تا ئیلام» بە ئاماژەدان بەوەیکە خۆکوژی لەڕێی حەب و ژەهرەوە بووە بە جێگرەوەی خۆسووتاندان لە نێوان ژنانی ئیلامی ووتی: «مەخابن ئاماری خۆکوژی لە ئیـلام لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە ڕاناگەیەندرێ و ئەمە کێشەیەکە کە لە زەمەنی جێبەجێ کردنی توێژینەوەکانم لە هەمبەر خۆکوژی خەڵکی ئیلام لە گەڵی ڕووبەڕووم و هەرچیم هەوڵ دا نەم توانی لە ڕێی زانکۆی زانستی پزیشکی و پزیشکی یاسایی پارێزگاوە ئامارێک وەربگرم.»

ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بەوەی کە پزیشکی یاسایی پاش بڵاوکردنەوەی ئاماری خۆکوژی لە ساڵی ۲۷۱۷ی کوردی، ئەم ئامارەی بە خێرایی لەسەر ماڵپەڕەکەی سڕیوەتەوە ووتی: «بە پێی ئەم ئامارە ۴ هەزار و ۶۲۷ کەس لەو ساڵەدا خۆیان کوشتبوو. ۳ هەزار کەس لەو ئامارە ژن بوون و هەڵبەت ئامارەکە لەوەیش بانتر بووە.»

بێ کاری، هەژاری ڕووت، هەڵاوسانی لەخشتە دەرچوو، نەبوونی پێداویستی خۆشگوزەرانی و فێرکاری و تەندرووستی، سیاسەتی سیستەماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە سەرەکی ترین و بەربڵاوترین هۆکارەکانی خۆکوژی ڕاگەیەندراوە کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدایە پێش بە بڵاوبوونەوەی ئەم ئامار و ڕێژە مەترسیدارە بگرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان