مەترسی دیپۆرتی پەنابەرێکی کورد لە تورکیا بۆ ئێران

بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، پەنابەرێکی سیاسی کورد بە ناوی “فارۆق شەرێعەتی ” خەڵکی شاری سنە لە ڕۆژهەاتی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەسبەسەر کراوە .
بە پێی هەواڵی هەواڵنێری هانا و بە گوتەی یەکێک لە دۆستانی ناوبراو ، فارۆق شەرێعەتی پاش هەڵهاتنی لە ئێران سەردانی کۆمیسریایی باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتوەکانی لە شاری ئەنقەرە کردوە و لەو ناوەندەدا ناوی خۆی تۆمار کردوەو بۆ مانەوە بۆ شاری ” گۆمیش‌خانە”نێردراوە ، مخابن پاش دوو ڕۆژ مانەوە لەو شارەدا لە لایەن پۆلیس ئەو شارەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شاری “وان” ڕەوانە کراوە و پاش تێپەڕبوونی مانگ و نیوێک نیشتەجێ بوونی لە کەمپدا پی ڕاگەیاندراوە کە ڕەوانەی ئێران دەکرێتەوە .
ناوبراو پاش ئاگادارکردنەوە لەم هەواڵە ، لە دۆخێکی نالەباری دەروونیدایە و بە هۆی ئەویکە پەنابەری سیاسیە و بۆ پاراستنی گیانی و ڕزگار بوون ناچار بوە کە لە ئێران بێتە دەرەوە ، هەر وەها بە پێی ئەوی کە لەم ساڵانەی ڕابردوودا پەنابەران گەڕێندرانەوەتەوە بۆ ئێران و لە لایەنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرابەری ئەشکەنجە و ئازار بونەتەوە و لە سێدارە دراون لە ئەگەری دیپۆرتی ناوبراودا مەترسی ئەشکەنجە و سێدارە بۆ ناوبراو هەیە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان