خوێندکارانی خوێندنگای سەرەتایی پارێزگای ئیلام لە هەمبەر خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانیاری بەرەو روی بارودۆخێکی ناحەز بونەتەوە و خوێندن زۆرتر وەک کارەساتێکی رۆژانە دەبینن و بەرەو روی گرفتگەلی چارەسەر نەکراوەی رۆژانە دەبنەوە.
بە پێی زانیاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بیست خوێندکاری خوێندنگای سەرەتایی وەحدەت لە گوندی “گوڵدەڕە” سەر بە ناوچەی هەلیلانی پارێزگای ئیلام لە خوێندنگای ستاندارد و پێویست بێ بەشن و لە هەلومەرجێکی ئازار دەر درێژە بە خوێندن دەدەن و بەوهۆیەوە زۆربەی خوێندکاران ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و بۆیە بە شێوەی نەخوازراو نەخوێندەوار دەمێننەوە.
گرفتگەلی خوێندن لەم ناوچانە بریتین لە: خوێندن لە نێو کانکس کە دورن لە ستانداردی نێو دەوڵەتی وەک نەبونی سیستەمی گەرم کەرەوەی پێویست لەکاتی سەرما و فێنک کەرەوە لەکاتی گەرمادا بەشێوازێک کە خوێندکاران لە وەرزی سەرمادا لە رێژەی سەرمای ژێر سفردا درێژە بە خوێندن دەدەن و هاوکات سیستەمی ئاودەستی ئەم خوێندنگایە لە کەشێکی نالەباری تەندروستیدایە و بەو هۆیەوە ئەگەری بڵاو بونەوەی نەخۆشین لە نێو خوێندکاراندا زۆر بوەتەوە.
هەروەها خوێندکارانی ناوچەکە بۆ درێژە دان بە خوێندن دەبێت روو لە شارەکانی دەوروبەر بکەن کە بە هۆی دوور بونی رێگا و نەبونی کەرەستەی تایبەت بە هاتوچۆی خوێندکاران درێژەدان بە خوێندن بوەتە خەونێکی قوڵ بۆ دانیشتوانی ناوچەکە بە شێوازێک کە لە ناوچەکەدا تەنها یەک کەس توانیویە تا پلەی دیپلۆم بخوێنێت و لە باشترین هەلومەرجدا خوێندکاران توانای تەواو کردنی پۆلەکانی سەرەتاییان هەیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان