بەهۆی پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤەوە یەكێتی ئۆروپا سزاكانی سەر ئێرانی درێژكردەوە

KMMK:

یەكێتیی ئۆروپا سزاكانی سەر حكومەتی ئێرانی بۆ ماوەی ساڵێكی تردرێژ كردەوە، كە بە هۆی پێشێلكارییە بەربڵاوەكانی مافی مرۆڤەوە بەسەر ئەو وڵاتەیدا سەپاندبوون.

لە راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئۆروپا ئاماژە بەوە كراوە، كە ئەو سزایانەی بە هۆی پێشێلكاری بەرچاو و بەربڵاوی مافەكانی مرۆڤ بەسەر ئێراندا سەپێنراون، تا ۱۳ ی ئاپریلی ۲۰۲۰ درێژكراونەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە لیستی سزاكانی یەكێتیی ئەورووپا كە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە، خۆی لە بلۆككردنی سامان، قەدە‌غەی ڤیزای كۆمپانیایەك و ۸۲ كەسدا دەبینێتەوە.

هاوكات هەر بەپێی ئەو سزایانە رێگری دەكرێت لە هەناردەكردنی هەموو ئامرازێك كە لەو وڵاتە بۆ فشار بەكاردەهێنرێت و ناردنی هەموو تەكنەلۆژیایەكی گوێگرتنیش بۆ ئێران قەدەغە دەكرێت.

یەكێتیی ئۆروپا بۆیەكەم جار لە ۲۰۱۱دا بەهۆی پێشێلكاری مافی مرۆڤەوە سزای خستە سەر ئێران و هەموو ساڵێك سزاكان درێژدەكاتەوە.

جێی باسە بە بەردەوامی لە راپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە دۆخی مافەكانی مرۆڤ ئێران وەك یەكێك لەو وڵاتانە ناوی لێدەبڕێت، كە زۆرترین پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤی تێدا ئەنجامدەدرێت، بەتیابەتی بەرامبەر بە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، ژنان، رۆژنامەنوسان و بەرهەڵستكاران.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان