درێژەی دەستبەسەرکردنی بنەماڵەی حوسەین پەناهی و ئازادکردنی یەکێکیان بە شێوەی کاتی

بە پێی ئەو هەواڵەی کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە بڕواری 1/5/1396ی هەتاوی بڵاوی کردەوە ، زیندانی سیاسی کەیوان حوسەین پەناهی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا .

لە هەواڵەکەدا هاتوە کە ئەحمەد و زوبەیر حوسەین پەناهی هەناردەی زیندانی ناوەندی شاری سنە کراون بەڵام دیسان هەواڵێک لە ڕامین حوسەین پەناهی نییە .

هەر لەو پەیوەندییەدا دوو ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە ناوی ئەفشین و عەباس حوسەین پەناهی لە دەستبەسەری وەزارەتی ئیتلاعاتدان . بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ببڕواری 2/4/1396 ‌هەتاوی لەدوای هێرشی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ترۆمبیلی ڕامین حوسەین پەناهی ، ناوبراو دوو فیشەکی بەردەکەوێت و دواتر دەستبەسەر دەکرێت و هەرچەن پێویستی بە نەخۆشخانە و تیمار کردن هەبوو لە دەستبەسەری و شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراوە . لە دوای ئەو ڕووداوە وە هێزە ئەمنییەتیەکان دەستیان دایە قۆڵبەسکردنی ئەندامانی بنەماڵەی حوسەین پەناهی و ئەم کەسانەیان دەستبەسەر کرد کە بریتی بوون لە ، ئەفشین ، زوبەیر ، ئەحمەد ، عەباس ، و کەیوان حوسەین پەناهی .

تۆمەتی ئەم کەسانە پەیوەندی دراوە بە تێکهەڵچونەکانی پوشپەڕی مانگی ڕابردوەوە کە لە نێوان ئەندامانی حیزبی کۆمەڵە و ئەندامانی سپای پاسداراندا پێشهات .

زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی لە دوای ئەم چەندساڵەی دەسەڵاتەکەی ، هەردەم بە بیانوی داتاشراو و ناڕوون سەرکوتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردوە و کردوە و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیانی پەیڕەو کردوە کە ئەشکەنجەی دیلێکی بریندار و دەستبەسەری ئەندامانی بنەماڵەکەی(حوسەینپەناهی ) یەکێکە لە هەوڵە سەرکوتکارانەکانی حکومەت دژی گەنجانی کوردە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان