ڕاپۆرتێک لەسەر بەردەوامیی دەستبەسەرکردنە دەرەیاسایییەکان و توندکردنەوەی کەشی ئەمنیی لە شارەکانی کوردستان

ک.م.م.ک:

بەپێی ڕاپۆرتەکان و زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی کەشی ئەمنیی، شەڕ و پچڕانی ئینتەرنێت لە جوگرافیای ئێراندا، دەستبەسەرکردنی بەرفراوان و نایاساییی هاوڵاتییانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان هێشتا بەردەوامە و بەهۆی سنووردارکردنی توندی پەیوەندییەکان، ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەبەردەستدا نییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، زانیارییە بەدەستگەیشتووەکان نیشانی دەدەن کە هێزە ئەمنییەکان لە حەفتەکانی ڕابردوودا بەبێ خستنەڕووی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری، دەیان هاوڵاتییان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستووەتەوە.

لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە، بەسەرچوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنی پێشەوا ئاقاپوور، هاوڵاتیی تەمەن ۲۲ ساڵی خەڵکی مەهاباد کە لە ١٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ورمێ گوازرایەوە، هێشتا زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و دۆخی یاساییی ئەو لەبەردەستدا نییە.

لە بەردەوامیی ئەم دەستبەسەرکردنانەدا، لە ڕۆژانی سەرەتای بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردیدا، سیاوەش عەزیزی ئەقدەم، هاوو
ڵاتیی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕ، ع
ئەرشیا قەیسەربەیگی، هاووڵاتیی خەڵکی سەرابڵە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردایە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بە تۆمەتە قورسەکانی «محاربه» (دژایەتیی خودا) و «افساد فی الارض» (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی).
ڕۆژی هەینی ١٨ی بانەمەڕ، واحید سوڵتانی، هاوڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی گوندی «خورینج»ی سەر بە پیرانشار، لەپاش هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی تایبەتیی خۆی دەستبەسەر کرا. ڕۆژێک دواتریش ئەمیر یووسفی، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «سەلامەت»ی سەر بە بۆکان، بە شێوازێکی هاوشێوە دەستبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕ، سەیدعەلی قوڕەیشی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکی بۆکان و ئەستێ محەممەدی، هاوڵاتییەکی تری خەڵکی بۆکان، بەبێ نواندنی حوکمی دادوەری دەستبەسەر کران.
ئەم ڕەوتە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕیشدا بەردەوام بوو و محەمەدڕەزا فەریادی خەڵکی سەرابڵەی سەر بە ئیلام، شارام پەس‌و‌پێش خەڵکی پیرانشار، میکائیل (شۆڕش) دوودکانلوو میلان تەمەن ٤٠ ساڵ و ئیحسان خورەم‌ئاباد مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ، کە هەردووکیان خەڵکی گوندی «کۆسە کەرێز»ی مەهابادن، دەستبەسەر کران.
لە هەمان ڕۆژدا، فرووزان نەوجەوان (ئیسلامی)، مامۆستای زمان و بەڕێوەبەری بەرپرسی فێرگەی زمانی ئینگلیزیی نەوجەوان لە ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە بەدەستگەیشتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، عەباس مامووسی، هاوڵاتیی خەڵکی دێلۆران، دەستبەسەر کراوە و بۆ کەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی ڕژێمی ئێران لە ئیلام گوازراوەتەوە.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، سەباح بێوارە، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی «کەڵەکین»ی پیرانشار، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە ماڵی تایبەتیی خۆیدا، کەوتووەتە بەر لێدان و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم دەستبەسەرکردنانە بەبێ نواندنی حوکمی قەزایی و بە بێئاگاییی تەواوی بنەماڵەکان لە دۆخی یاسایی، تەندروستی، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە ئەگەرییە دراوەکانە پاڵیان، ئەنجام دراون.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *