ک.م.م.ک:
ڕۆژی سێشەممە ١١ی سەرماوەزی٢٧٢٥ی کوردی، لانیکەم هەشت قوتابی کچ لە خەوتنگەی شەوڕۆژی لە شاری دیواندەرە بەبۆنەی دزەکردنی گازی مۆنۆئۆکسیدی کاربۆن بە قورسی ژەهراوی بوەن و بەبۆنەی خراپی باروودۆخی جەستەییان بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە و خراونەتە ژێر چاودێری چڕ ەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نەبوونی سیستەمی هەواگۆڕکێی گونجاو و کەمتەرخەمی بەرپرسانی پەیوەندیدار، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنەئارای ئەو ڕووداوەن.
سەرچاوە خۆجێیەکان دەڵێن: کە دزەکردنی گاز بۆ ماوەیەک دیار نەبووە و قوتابییەکان کاتێک بۆ ناوەندی دەرمانی ڕاگوازراون کە نیشانەکانی ژەهراوی بوون وەکوو، ژانە سەر، سەرگێژە و لە هۆشچوون لەواندا دەرکەوتووە.
ئەم ڕووداوە جارێکیتر دڵەڕاکێی سەبارەت بە گونجاوبوونی خەوتنگەی قوتابیان و دۆخی ستانداردی چاودێری لە ناوچە پەراوێزخراوەکان بەرجەستە دەکاتەوە؛ بابەتێ کە پێشووتریش لەلایەن ڕێخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی بواری پەروەردەوە ڕەخنەی لێگیراوە.
ق.ش


