ک.م.م.ک:
ئاژانسی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حامید ڕەحمانی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی خۆشینانی سەقز، ڕۆژی ٢٧ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٥ لە کاتی ڕاوەدوونانی و تەقەی هێزەکانی بەناو دژە قاچاخدا، گیانی لەدەستدا.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییانەی دەستمان کەوتووە، حامید ڕەحمانی کە وەک شۆفێر ئیشی دەکرد، بارێکی کەوچک و چنگاڵی لە بەندەری گوناوە بۆ سەقز دەگواستەوە.
لە نزیک گوندی کۆلێ سەر بە شاری دیواندەرە، ئۆتۆمبێلەکەی لە لایەن هێزەکانی بەناو دژە قاچاخ لە شاری سنە ڕاوەدوونراون. ئەم ڕاودوونانە لەگەڵ تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانەدا بوو کە لە ئەنجامدا تایەی ماشێنی ناوبراو کون دەبێت و بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە و ئەو برینانەی کە تووشی بووە، لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ئەم ڕووداوە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بەسەر بارەکەیدا گرتووە و ئۆتۆمبێلەکەی گواستووەتەوە بۆ پاڕکینگ، بەڵام تەرمەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێماوە.
پێویستە بگوترێ کە هەموو ڕۆژێک هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەیەکی تەواو سیستماتیک، بێ پرەنسیپ و تەواو ئامانجدار، بازرگان و هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە ئامانج و بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ژێر خۆنمایشکردنی ساختەدا گەلی کورد دەکوژن و هیچ لێپرسینەوەیەک لە ئەنجامدەران و بکەرانی ئەو تاوانانە ناکرێ.
E.Sh


