کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ماکۆ

KMMK:

دووشەممە ۱۸ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، سنوورپارێزانی حکوومەتی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری لە شوێنێک بە ناوی “بەرزاییەکانی اڵلە و اکبر” بەشی بازرگان سەر بە شاری ماکۆ کۆمەڵێک کۆڵبەریان دایە بەر دەسڕێژی چەکەکانیان و لانێکەم سێ کۆڵبەر کوژرا و بریندار بوون.

بورهان جنیانلوو کۆڵبەری ۲۴ ساڵ تەمەن یەکێک لەو کۆڵبەرانەیە کە بووە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران و گیانی لە دەست داوە.
ئەم کۆڵبەرە گەنجە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و بە بۆنەی بێکاری و نەبوونی هەلی کار ناچار بووە ڕوو لە کۆڵبەری بکات.

دوو کۆڵبەری دیکەیش بریندار بوون کە ناونیشانی یەکێکیان مەجید و ناونیشانی کۆڵبەرە بریندارەکەی دیکە هێشتا دەرنەکەوتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان دوو کۆڵبەری بریندار لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ماکۆ لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۷ کۆڵبەر کوژراون و ۳۶ کۆڵبەر بریندار بوون، کە بە هەژماری ئەم کۆڵبەرە کوژراو و بریندارانەوە ڕێژەی کوژراوان بو بە ۸ و ڕێژەی بریندارانیش بە ۳۷ کەس گەیشتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان