KMMK:
۲٦ گوڵانی ۲۷۱۹ کوردی، لە جادەی نێوان سەقز – زەنجان، لاوێک بەناوی حسام موحببی کوڕی مەنسوور، خەڵکی گەڕەکی بەهارستانی خواروو لە شاری سەقز بە هۆی ڕاونانی لە لایان هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانی لە دەست دا.
جێگای سەرنجەکە، هێزە ئینتزامیەکانی کۆماری ئیسلامی بە گومانی ئەوەی کە ناوبراو باری قاچاقی پێیە دەکەونە شوێنی و دەبنە هۆی هەڵدێرانی ئۆتۆمبێلەکەی و لە ئاکامدا ناوبراو گیانی لەدەست ئەدات و چەند کەسیش بریندار دەبن.
جێگای ئاماژەیە ئەوە جاری یەکەم نییە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەقام و جادەکان دەبنە هۆی مردن و بریندار بوونی خەڵک، نەرەخساندنی هەلی ئیش و کار لە لایەک و پێشگرتن بە هەر چەشنە هەڵسووکەوتێک لە لایان ئەو هێزانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان بۆ پەیدا کردنی بژیوی ڕۆژانە، خەڵکی خستۆتە باروودۆخێکی زۆر نالەبار و بە ڕۆژانە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پەیدا کردنی بژیوی ڕۆژانەی بنەماڵەیان دەبنە قووربانی.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


