یارمەتییە مرۆییەکانی بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان بەڕێ دەکرێت بۆ ئەبو کەمالی سوریا؟

ئاخۆ یارمەتییە مرۆییەکانی کۆکراوە بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکانی کرماشان کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە تاڵان کراون ئێستە لە ئەبو کەمالی سوریان؟

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ کەناڵی فەرمی حکومەتی ئێران رایگەیاندووە کە کەمتر لە ۴٨ کاتژمێر پاش ئازاد کردنی شاری ئەبو کەمالی سوریا دەست بەجێ هێزەکانی دەزگای مانگی سوری کۆماری ئیسلامی ئێران کروانێکی مەزنی یارمەتی خواردەمەنی و دەرمانی بەڕێ کراوە بۆ ئەم شارە کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی سپای بەشار ئەسەد دایە.

ئەم کردەوەیە لە کاتێکدایە کە پاش تێپەڕینی چەندین رۆژ لە بومەلەرزەیەکی کاولکەر لە بڕێک ناوچەی پارێزگای کرماشان بوەتە هۆی گیان لەدەست دان و بریندار بونی هەزاران کەس و بە سەدان گوند و هەزاران یەکینەی خانوبەرە لە شارەکانی سەرپێڵ و سەلاس بە تەواوی تێک رووخاون.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەوای کەم تەرخەمن لە هەمبەر ئەم کارەساتە مرۆییە، زۆرێک لە بەشەکانی ئەم بومەلەرزەیە خراونەتە بەر سانسۆڕی هەواڵنێری و بەشێوازی داڕێژراو نیشانکراو، لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەر بە لێشاوی یارمەتییە مرۆییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران دەگیرێت و رێژەیەکی زۆر لەو یارمەتییانە دەستی بەسەردا دەگرن و دەگواسترێنەوە ژێرخانەکانی سپای پاسداران.

سەرەڕای ئەم حاڵەتانەش خەڵک و چالاکانی مەدەنی بە هەمو هێزێکەوە هەوڵ دەدەن ئەم یارمەتییانە تەنانەت لە کوێرە رێگاکانەوە بگەیەنن بە خەڵکی بومەلەرزە لێداوی کرماشان و ئەم پێداگریەی خەڵک و کەمپەینەکان ئەوە دەردەخات کە جەماوەر بڕوایان بە سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران نیە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوازێکی نیشان کراو هەوڵ دەدەن بۆ قەیراناوی تر کردنی بارودۆخی خەڵکی لێقەوماوی بومەلەزە لێداون.

ئێستە پرسیار لێرەدایە کە ئاخۆ یارمەتییە مرۆییەکان کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و گواستراونەتەوە سەریان لە ئەبوکەمالی سوریا دەرهێناوە؟

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان