دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی شارۆمەندانی کورد لە شارەکانی ماکۆ و چاڵدۆران

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لە مەودای دوو حەوتوی رابردودا شەڕو پێکدادانی نێوان یەکێک لە حیزبە کوردیەکان و هێزەکانی سنوور پارێزی و سپای پاسداران لە ناوچە سنووریەکانی چاڵدۆران، کەشی ئەمنیی لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەڕوات و لانی کەم  شەش شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەست بەسەر کراون.

بە وتەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لە ماوەی دو شەوی ڕابردوو بڕواری ۱۷ و ۱٨ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرش دەکەنە سەر ماڵی بڕێک لە شارۆمەندانی کوردی دانیشتوی شارەکانی ماکۆ و چاڵدۆران و سەرەڕای لێدان و ئەشکەنجەی ئەم کەسانە، لانی کەم شەش شارۆمەندی کورد دەست بەسەر دەکەن و بۆ یەکێک لە گرتوخانە ئەمنیەکانی شاری ماکۆ دەگواسترێنەوە.

کەسایەتی ئەو شەش شارۆمەندە دەست بەسەر کراوە بریتین لە،
۱: بەهمەن بروکی، ۲۵ ساڵان، کوڕی عەتا
۲: موحەممەد خەلیلی، ۲۶ساڵان، کوڕی عەبدول مەجید
۳: کەمال حەیدانلوو، ٤۰ ساڵان، کوڕی کەمال
۴:خالس حەیدانلوو، ۳۰ ساڵان، کوڕی رەزا
۵: ئیدریس حەیدانلوو، ۳۵ ساڵان، کوڕی کەمال
۶: غەزەنفەر حەیدانلوو، ۲۷ ساڵان، کوڕی ئەحمەد
ئێوارەی رۆژی جومعە ۱۲ خەزەڵوەر لە ناوچەی “بابا نوور” سەر بە ناوچەی چاڵدۆران بە هۆی پێکدادانی هێزەکانی یەکێک لە حزبە کوردیەکان لەگەڵ هێزەکانی سنوور پارێز، ٨ کەس لە هێزەکانی سنوور پارێز دەکوژرێن و پاش ئەو پێکدادانە کەشی ئەمنیەتی لە ناوچە سنورەکانی چاڵدۆران بەڕێوە دەچێت و تاکو ئێستاکەش هەر بەردەوامە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان