بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، کۆڵبەرێکی کوردی ۱۳ ساڵان دانیشتوی شاری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکنجەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لە دەستدەدات .
ڕەسوڵ یوسفی ۱۳ ساڵان لە لایەن هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گوندی “قەتور” سەر بە شاری خۆی دەسبەسەر و بۆ ناوەندی هێزە سنووریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو دەڤەرە دەگوازرێتەوە و پاشان بە گرانی ئەشکنجە دەدرێت و بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەی زۆرەوە مێشکی تووشی خوێنڕێژی دەبێت و لە کۆتاییدا گیانی باخت دەکات .
ئەو منداڵە بە هۆی هەڵگرتنی ۲۰ لیتر بێنزین کە دەیویست بیگوێزێتەوە بۆ باکووری کوردستان لە لایەن هێزە سنووریەکانەوە دەسبەسەر دەکرێت .
پاش ئەم کارەساتە دڵتەزێنە ، خەڵکی گوندی قەتور بە مەبەستی وەرگرتنی تەرمی ئەو منداڵە سەردانی ناوەندی سەربازی ئەو هێزانە دەکەن و دژی کردەوەی دژە مرۆیی ئەو هێزە سەربازیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایی بەڕێوەدەبەن .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان