بەپێی هەواڵی گەییشتو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەندکراوانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی رۆژهەڵات لە دۆخێکی خراپی ژیانییدا بەسەردەبن و نەبونی خزمەتگوزاری و کەمی خواردن و هەروەها باش نەبون و کەم بونی ئەوبەشە خۆراکەی کە ئەیدەن بە بەندکراوان بووەتەهۆی نارەزایەتی بەندکراوان و دەیان جار بۆ باشترکردنی رەوشی ژیان لە نێو بەندیخانەکاندا بەندکراوان دەستیان داوەتە نارەزایەتی دەربڕین و مانگرتن، بەڵام نەتەنیا بەرپرسانی زیندان وڵامی داواکاری بەندکراوانیان نەداوەتەوە بەڵکو بە ناردنی بەندکراوانی نارازی بۆ ژوری تاکەکەسی و نەدانی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا سزادراوون.
یەکێک لە بەندکراوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی راگەیاند: دۆخی ژیان لە بەندیخانەکانی شارەکانی رۆژهەڵات زۆرخراپە و بەوتەی ناوبراو خواردنی چێشتخانەی زیندان لە ئاستێکی خراپ دایە بە جۆرێک کە خواردنێک کە بە خواردی بەندکراواندا ئەدرێت پرە لە ئەسپێ و خاک و خۆڵ، هەربۆێێ بەندکراوان ناچارن لە فروشگای زیندان شتومەک بکڕن و ئەمە زەختێکی زۆری ئابوری ئەخاتە سەرشانی بنەماڵەێ بەندکراوان.
جێگای ئاماژەیە کە رێژێکی زۆر لە بەندکراوان بەهۆی فەقیری و ناداریی بنەماڵەکانیان ناچارن تەنیا کەڵک لە خواردنەکانی نێو بەندیخانە بگرن کە ئەمە بووەتە هۆی دابەزینی زۆری کێش و سەرهەڵدانی نەخۆشییەکانی پێست و گورچیلەی وگەدە.
شایانی باسە نالەباربونی دۆخی بەندیخانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لەئاستێکدایە کە هەنێک لە بەرپرسانی زیندان دانی پێ دائەنێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئەم شێوازە هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی وەک پێ شێلکردنی یاسای بەندیخانەکان دەزانێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان