بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چالاکێکی ژینگەپارێزی کورد بە ناو ” مادێح فەتحی” ۲۷ ساڵان دانیشتووی شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعەتەی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری سنە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە .
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار ؛ مادێح فەتحی لە شاری سنە لە ڕێگای ئەندام بوون لە کۆمەڵەی کوردستانی سەوزەوە چالاکیگەلی ژینگەپارێزی ئەنجام داوە .
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، مادێح ماوەیەکی کورتە هاوسەرگیری کردوە و بنەماڵەکەی لە هۆکاری دەسبەسەری ناوبراو هیچ زانیاریەکیان نیە .
بە پێی ڕاپۆرگەلی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وەزارەتی ئیتلاعاتو ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ، چالاکانی مەدەنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخەنە ژێر چاودێری و گوشار و زەختەوە و دەسبەسەر کردنی چالاکانی مەدەنی ڕوو لە زیاد بوونە .
لە مانگی ئۆکتۆبردا پتر لە دوو هەزار شارۆمەندی کورد دەسبەسەر کراون کە ناسنامەی هەندێک لەو چالاکانە کە بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گیشتوە ، ڕاگەیاندراوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان