پەیامی وتەبێژی کومیتەی بەرگری لەمەحموود ساڵحی وپشتگیری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: مەحموود ساڵحی چالاکی کرێکاری کورد ڕۆژی سێشەممە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر وبۆ تێپەڕاندنی مەحکووم کرانی یەکساڵ زیندانی تەعزیری ڕەوانەی زیندانی سەقز کرا. نەجیبە ساڵح زادە هاوژینی ناوبراو لەپەیامێکدا باس لەڕەوشتی ناجێگیری جەستەیی ئەمچالاکی کرێکارییە دەکات وداوا لەچالاکانی کرێکاری وئازادیخوازان دەکات بۆ هاودەنگ وبەهاناوە هاتنی ئازادی ناوبراوه.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بەپێی ناجێگیربوونی دۆخی تەندرووستی ئەم چالاکی کرێکارییە خوازیاری ئازادیبێ مەرجی ئەم زیندانییە سیاسییە دەکات؛ وحکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ودامەزراوە ئەمنییەکان وبەرپرسانی زیندان بە بەرپرسی گیانی ئەم زیندانییە نەخۆشە دەزانێ.

کۆپییەک لەپەیامەکەی خاتوو نەجیبە ساڵحزادە بەدەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە کەئەم کۆمەڵەیە وه‌ریگێراوه‌ته‌و سه‌ر زمانی کوردی و بڵاوی دەکاتەوە.

پەیامی نەجیبە ساڵحزادە دوابەدوای دەسبەسەری وزیندانی کردنی سەرلەنوێی مەحموود ساڵحی

چالاکانی کرێکاری!
خەڵکی ئازادیخواز!
سڵاوی گەرمی ئێمەتان پێشکەش بێت.
بێگومان تائێستە  لەمەڕ پرسی دەسبەسەری وزیندانی کرانی مەحمود ساڵحی لەڕۆژی شەممە ۶ی خەزەڵوەر واتە ۲۸ی ئۆکتۆبەر ئاگادار کراونەتەوە. جێی خۆیەتی شرۆڤەی ئەم ڕووداوە وهۆکارەکانی دڵەڕاوکەمان لەمەڕ دۆخی گشتی مەحموودەوە لەزمانی ئێمەوە بیبیستن.

ڕۆژی شەممە ۶ی خەزەڵوەر (۲۸ی ئۆکتۆبەر) دوای دیالیزی حەوتانەی مەحموود، هاوڕێ لەگەڵ ناوبراو خەریکی دەرچوونەدەر لەنەخۆشخانە بووین کەلەناکاو چوارکەس لەڕایەدارانی هێزی ئینتزامی گەمارۆیان داین ومەحموودیان سەرەڕای ناڕەزایەتی ودژایەتی ئێمە لەمەڕ دۆخی تەندرووستی ناوبراو پاش بەئەنجام گەیاندنی دیالیز لەگەڵ خۆیان بردیان بۆدادگا. لەوێ پاش ڕاگەیاندنی حوکم، ناوبراویان بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکم گواستەوە بۆ زیندانی ناوەندی سەقز.
ئەم دەسبەسەریە بەبێ ئاگادارکردنەوە ودوابەدوای حوکمی دادگای پێداچوونەوە هاتۆتە ئاراوە کەحوکمی ۹ ساڵ زیندانی بەشێوەی هەڵواسراوی (تعلیقی) ناوبراو گۆڕدراوە بۆ ساڵێک حوکمی تەعزیری.

هاوڕێیانی خۆشەویست

ئەوەی من ودیکەی ئەندامانی بنەماڵەی مەحموودی بەزۆری پەرۆش کردووە، جێبەجێ کردنی ساڵێک زیندانی بۆ مەحموود نییە، چونکوو چوون بۆزیندان بۆ بەرگری لە بەرژەوەندی چینایەتی خۆی وهاوچینەکانی بۆ مەحموود وئێمەیش جێی شانازییە، پرسێکی گرنگ کەئێمە ئەندامانی بنەماڵەی مەحموودی پەرۆش کردووە وزۆریش دڵەڕاوکێمان لەسەری هەیە، ڕەوشتی ناجێگیری تەندرووستی ئەوە. مەحموود لەحەوتوودا پێویستە دووجار دیالیز بکرێت، ناوبراو بەزۆری ئازاری دڵی هەیە وماوەیەکی تر دەبێ بۆجاری سێهەم نەشتەرگەری دڵی بۆ بکرێت بەشێوەی کراوە، پەستانی خوێن، شەکرە وبەگشتی دۆخی ناجێگیری جەستەیی ناوبراو دڵەڕاوکێی بۆئێمە ساز کردووە.

بەرگریکاران وچالاکانی بزوتنەوەی کرێکاری

مەحموود ساڵحی بەبۆنەی بەرگری لەچینی کرێکار وکۆتایی پێ هێنان بەچەوساندنەوەی مرۆڤ لەڕێی مرۆڤەوە وبەرگری لەو ڕێگەیەی کەئێوە بەرگریکارانی چینی کرێکار دەیپێون، ڕەنجی کێشاوە، زیندانی کراوە وسەرلەنوێ ڕەوانەی زیندان کراوەتەوە. چاوەڕوانی ئێمە ئەندامانی بنەماڵەی مەحموود وهاوڕێکانی لەئێوەی خۆشەویست ئەمەیە کەئێوەیش لەجێگەی خۆتان ببن بەدەنگی ناڕەزایەتی ئێمە بەرانبەر بە زیندانی کردنی مەحموود ساڵحی ودیکەی کرێکارانی زیندانی کراو. دەنگی ناڕەزایەتی وبەهاناوە هاتنی ئێمە بگەیەنن بەگوێی کرێکاران، یەکیەتییەکانی کرێکاری ودیکەی مرۆڤە ئازادیخوازەکان کەئامانج وهەوڵی ئەوانیش بنیات نانی جیهانێکی یەکسان وبێ زیندانی ونکۆڵی لێکردنە، وخوازیاری ئازادی مەحموود ودیکەی زیندانیانی سیاسی بن.

جارێکی تر سڵاوم پێشکەشی ئێوەی خۆشەویست دەکەین ودەستی یەک بەیەکتان دەگوشین.
نەجیبە ساڵحزادە وتەبێژی کۆمیتەی بەرگری لە مەحموود ساڵحی_۲۹ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـــــتان