بڕینەوەی حوکمی ۱۱ ساڵ زیندان بۆ دوو هاوڵاتی کوردی دێولانی

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان:  ڕۆژی چوارشەممە ۳ی خەزەڵوەر لەکۆبوونەوەیەکی دادگایی کردندا لەدادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، دوو هاوڵاتی کوردی خەڵکی دێولان زیندانی تەعزیریان بۆ دیاری کرا.

بەگوێرەی هەواڵەکە، زوبەیر وئەحمەد حسێن پەنایی بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژبە دەسەڵات وهاریکاری لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی محاکمە کران وزوبەیر ۶ ساڵ وئەحمەدیش ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ دیاری کرا.

لەهەمان کۆبوونەوەدا، ئەفشین حسێن پەنایی بە هەمان تۆمەت ۸ ساڵ ونیوو حوکمی تەعزیری بۆ بڕدرایەوە.

جێی بیرهێنانەوەیە، حکوومەتی  کۆماری ئیسلامی ئێران لەدرێژەی گوشار بۆسەر هاوڵاتیانی کورد وبنەماڵەی حسێن پەنایی لەهەمان ڕۆژدا بە دایک وخوشکی ڕامین حسێن پەنایی کوتبوو کە منداڵەکەتان لەئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەرە وبە زوویی ئێعدام دەکرێ.

ئەمجەد حسێن پەنایی چالاکی مافی مرۆڤی کورد، لەپێوەندییەکی ئانلاینی فەیسبووکی کەڕۆژی چوارشەممە بۆ بەردەنگانی خۆی بڵاوی کردبوویەوە، ئاماژەی دابوویە دۆخی ناجێگیری بنەماڵەکەی ولەهەمبەر ڕەوشتی زیندانی سیاسی کورد محەممەد نەزەری خەڵکی کردە ئامانج وخوازیاری خاوەندارەتی خەڵک لەمافی پێشێلکراوی زیندانیانی سیاسی بوون.

ئەم چالاکە مافی مرۆییە، لەهەمبەر بڕینەوەی حوکم بۆ ۳ کەس لەئەندامانی بنەماڵەکەی کوتبووی، حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نانەوەی ترس وسام وتۆقاندنی بنەماڵەکەی بۆئەوەی بەدواداچوون بەدۆسیەی ڕامین نەکەن ئەم حوکمەی دیاری کردووە.

ئەمجەد حسێن پەنایی ئەوڕۆ شەممە، لەلاپەڕەی فەیسبووەکەی باسی لە تووشی بوون دایکی «دایە شەریفە» بەنەخۆشی شێرپەنجە کردووە. ئاشکرا وڕوونە گوشاری لەڕادەبەدەری کۆماری ئیسلامی لەسەر شارۆمەندانی کورد بەردەوامی هەیە وئەم گوشارانە خەساری گران وقەرەبوونەکراو سەر هاوڵاتیان وچالاکانی کورد وبێجگە لە پێشێلکردنی مافی زیندانیانی دەسبەسەرکراو «ئەندامانی بنەماڵەکەیان» دایک وبابیشیان لەڕوانگەی ڕۆحی ودەروونییەوە لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەری دامەزراوەگەلی قەزایی وئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان