بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئەمڕۆ یەکی خەزەڵوەر لەدوای ئازاری جینسی ژێرماڵەی (سرایدار) خوێندنگای رێگای شەهیدانی ئیسلام ئابادی شاری ورمێ بۆسەر کیژۆڵەیەکی پۆلی شەشەمی سەرەتایی، بنەماڵەی کێژۆڵەکە ودانیشتوانی گوندەکە لە بەردەم خوێندنگاکەدا دەستیان داوەتە کۆبونەوەی ناڕەزایەتی.
لە رۆژی رابردودا بنەماڵەی ئەم کیژۆڵە خوێندکارە لە دژی ژێرماڵەی خویندنگاکە سکاڵا تۆمار دەکەن و لە سکاڵاکەدا ئەماژە بەوە کراوە کە ژێرماڵەی خوێندنگاکە منداڵەکەیان لەباوەش دەگرێت وهەرێمی تاکە کەسی منداڵەکەیان تێ دەپەڕێنێت.
بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بونەتەوە؛ بەهۆی وڵام نەدانەوە سەبارەت بە سکاڵای بنەماڵەی ئەم خوێندکارە، دانیشتوانیی گوندەکە لە بەردەم خوێندنگای ناوبراودا دەست دەدەنە کۆبونەوەی ناڕەزایەتی ولەگەڵ بەرپرسانی خوێندنگاکە تێک هەڵدەچن؛ هاوکات هێزە ئەمنیەکان وهێزی دژە شۆڕش دێنە ئەوشوێنەو لەگەڵ جەماوەر هەڵسوکەوتی توند دەکەن.
هەتاکو بڵاو بونەوەی ئەم راپۆرتە؛ کۆبونەوەی ناڕەزایەتی لە گوندی ئیسلام ئابادی ورمێە بەردەوامە. ئەم گوندە لە نێو کۆمەڵە گوندی پارێزگای ورمێدایە وبە پێی سەرژمێری ساڵی ۱۳٨۵ رێژەی دانیشتوانی ئەم گوندە ۵۱۴ کەس(۱۳۷بنەماڵە) بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان



