ئەگەری ئێعدامی بەنهێنی ڕامین حسێن پەنایی

بەپێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: بەپشتبەستن بە لێدوانەکانی بنەماڵەی ڕامین حسێن پەنایی، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتەمایە بەدوور لەچاو وڕاوبۆچوونی گشتی ولەزووترین کاتدا، دۆسیەی ڕامین حسێن پەنایی کۆتایی پێ بێنێ وئێعدامی بەسەردا بسەپێنێ و لەسێدارەی بدات.

ڕامین حسێن پەنایی چالاکی سیاسی کورد کەڕۆژی ۲ی پووشپەڕ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر وڕاگوێزرا بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی وسەردانی ناوەندە ئەمنییەکان، تائێستە لەچارەنووسی ئەم چالاکە سیاسییە زانیارییەک بەدەستەوە نییە.

ئەمجەد حسێن پەنایی چالاکی مافی مرۆڤ وبرای ڕامین حسێن پەنایی لەمبارەوە نووسیویەتی کەبراکەیان هەنووکە لەگرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دایە ولەم ماوەیەدا بنەماڵەکەمان، ۲۳ جار سەردانی ئیدارەی ئـیتلاعاتیان کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕەوشتی کوڕەکەیان کەبەداخەوە تائێستەئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەســــنەلەمەڕ تەندرووستی براکەمان هیچ وڵامێکی دیار وڕوونی پێنەداونەتەوە.

ئەمجەد حسێن پەنایی لەدرێژەدا دەڵێ؛ کەبەپێی یاسای نێودەوڵەتی وتەنانەت بەپێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەبوا لەم ماوەیەدا کەبەسەر دەسبەسەری ڕامین دا تێدەپەڕێ ئیزن بە بنەماڵە بدرایەت چاویان پێ بکەوتایەت، یان تەنانەت لەگەڵماڵەوەیدا پێوەندی بگرێت، بەڵام مەخابن تائێستە هەموو مافە سەرەتاییەکانی وەکوو ئەوەنەی کەزیندانییەک دەبێ بیبێت لەهەمبەر ڕامین نەپارێزراوە وهیچ دامەزراوە یان ڕێخراوێک وڵامدەری بنەماڵە وخواستی ماف ویاسایی ئەم بنەماڵە نییە.

حسێن پەنایی لەنووسراوەکەی خۆیدا ئاماژە بەچەندد خاڵی گرنگ دەکات ودەڵێ: ئیدارەی ئیتلاعات بەنهێنی دوو جار ڕامینی بردووە بۆ لقی سێی دادسەرای سنە کەلەدواین جار بەبێ هیچ چەشنە پێوەندییەک لەگەڵ بنەماڵەکەی پێیان ڕاگەیاندووە؛ بنەماڵەکەت توانی مادی گرتنی پارێزەریان نییە وهیچ پارێزەرێکیش ئامادە نییە بەرپرسایەتی دۆسیەی تۆ لەئەستۆ بگرێت. چوکوو هەموو دەزانن لەکۆتاییدا وبەبێ هیچ ئەملاو ئەولایەک ئێوە ئێعدام دەکرێن هەربۆیە خۆمان پارێزەرێکی دەستنیشانکراو (تسخیری) مان بۆتۆ دیاری کردووە (پارێزەری دەسنیشان کراویش ئامادە نەبووە لەسەر ڕامین زانیارییەک بەبنەماڵەکەم بدات). ئەمە لەکاتێکدایە کەبنەماڵەی ئێمە پاش سەردانیان بۆ دادسەرا، دادگا وئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دیاری کردنی پارێزەر بۆ دۆسیەی منداڵەکەمان بەگوێی ڕیخراوی ناوبراودا داوە وخوازیاری دەسڕاگەیشتنی یاسایی بەناوەڕۆکی دۆسیەی ڕامین لەلایەن پارێزەرێکی هەڵبژێردراو ویاسایی بۆناوبراو بووین کەبەداخەوە ئەم ویستە یاساییەی ئێمە مسۆگەر نەکراوە.

ئەمجەد حسێن پەنایی لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنێ بەپێی ئەو پرسانە وروژاندم وسەرچاوەی ئاگادار وڕێک وپێکی بنەماڵەکەمان، بێگومان وەزرارەتی ئیتلاعات بەهیوایە بەدوورلە چاو وبیروڕای گشتی ولەزووترین کاتدا، دۆسیەی ڕامین کۆتایی پێبێنێ و دواهات ئێعدامی بەسەردا بسەپێنێ وهەڵیبواسێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای نواندنی خەمخۆری لەدۆخی ڕامین حسێن پەنایی خوازیاری پێڕاگەیشتن بەڕەوشتی ئەم زیندانییە سیاسییەیە وبەرپرسانی قەزایی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار وئەرکدار بە پابەندبوونی بە چوارچێوە ویاساکانی مافی زیندانیانی یەخسیر دەزانێ ودەکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان