کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زانیوێتی کە بەهۆی قەیرانی بێکاری و کەمبوونەوی داهاتی پێویست بۆ ژیانێکی ئاسایی، ئەو کۆچەرە کوردانەی کە بەهۆی بێکاریەوە روویان لە ناوچەی لیلاخی دێولان کردووە، تووشی کێشەی یەکجار زۆر بۆ دابینکردنیی بژێوی ژیانیان بوونەتەوە.
زانراوە کە بەشێکی زۆر لەو کۆچەرانە کە زۆرینەیان لە ژن و منداڵ پێکدێن، لەسەر ڕێگای نێوان شارەکانی سنە و دێولان دەبیندرێن کە چادریان هەڵداوە.
هەروەها بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ناوچەیە، لەبەر نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان، نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرم داهێنانی خێوەتەکانیان، زۆربەیان تووشی نەخۆشی بوون.
ئەو کرێکارانه کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەکانی دەورووبەری کرماشانن، لەبەر بژێوی ژیانیان لە مەزراکانی پەتاتە خەریکی کارن و شەوانەش لە خێوەتەکاندا لە کەناری ڕێگای سەرەکی نێوان دێولان ـ سنە، دەخەون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســــــتان