کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: محەممەد نەزەری زیندانی سیاسی کورد کەلەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەجدایە مانگرتن لەخواردنی لەڕێکەوتی ۸ی گەلاوێژەوە هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەکۆمەڵی زیندانی ناوبراوەوە دەستپێکرد. گەرچی مانگرتنی گشتی زیندانیان کۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ئەم زێندانییە هێشتا لەمانگرتن دایە.
ناوبراو ۲۴ ساڵە لەزینداندایە، هەروەها خوازیاری پێڕاگەیشتن بەدۆخی مافەکانی دۆسیەکەی وبەجێکردنی ماددەی ۱۳۴ (تجمیع احکام)ە «بەپێی ماددەی ۱۳۴ی ئەم یاسایە هەرکات کەسێک تووشی چەندد تاوانی جیاواز بووبێت کەهەرکام لەوتاوانانە سزای جیاوازی بۆ دیاری کرابێ، ئەو سزایان کەڵەکەی سەر یەکتر ناکرێن بەڵکوو تەنیا دەبێ زۆرترین حوکمی بۆلەبەرچاو دەگیردرێ.» بۆئەوەی بەهێنانە کایەی ئەم ماددەیە، ئازادی ناوبراو بێتە ئاراوە.
محەممەد نەزەری بەهۆی نەخۆشی دڵ وئارترۆزی گەردنەوە لەئازاردایە، ناوبراو دۆخی تەندرووستی ناجێگیرە. بەهۆی مانگرتن لەخواردنەوە کێشی دابەزیووە وبەهۆی پەستانی خوێن ونەخۆشییەکانییەوە، مەترسی گیانی ڕۆژانە هەڕەشەی مردنی لێدەکات.
محەممەد نەزەری کوڕی حەمدوڵا لەدایکبووی ۱۳۵۰ لەساڵی ۱۳۷۳ لەشاری بۆکان بەتۆمەتی هاریکاری لەگەڵ یەک حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردستانییەکان دەسبەسەر وئێعدامی بەسەردا سەپێنرا، ئەم حوکمە پاش تێپەڕینی ۵ ساڵ داشکا بۆ زیندانی تاهەتایی.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان