ڕەوشی تەواو ئەمنی لەشاری سنە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەوڕۆ پێنجشەممە ۱۶ی خەرمانان، دوابەدوای بانگەوازی کۆمەڵێک لە چالاکانی سڤیلی شاری سنە بۆ پاڵپشتی کردن لە ناڕازیانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری بانە کە داوایان کردبوو، کۆبوونەوەیەکی بێدەنگ لە گۆڕەپانی ئازادی (مەیان ئیقباڵ) ڕێکبخرێت.
ئێستا کەش و هەوای شاری سنە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەتەواوەتی میلیتاریزە کراوە و ڕەوشی ئەمنی بەسەر ئەو شارەدا زاڵە.
جێی وەبیرهێنانەوەیه کە دۆینێ کۆمەڵێک لە چالاکانی کلتووری و سڤیلی کرماشان بە دەرکردنی بانگەوازێک، وێڕای پشتیوانی کردن لە هاووڵاتیانی شاری بانە، داوایان لە خەڵکی کرماشان کردبوو کە بەشداری کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۶ی خەرمانان ببن.
هەروەها لەلایەن چالاکانی سڤیلی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ پاڵپشتی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بانە، بانگهێشتی خەڵک کراوە کە لە سەنتەری شارەکان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا کۆببنەوە.
بەپێی هەواڵە بەدەست گەیشتووەکان، ڕەوشی زۆربەی شارەکانی کوردستان، میلیتاریزە کراوە هەتا پێش لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگیرێت. دوابەدوای کوژرانی ۲ کۆڵبەری کورد لە شاری بانە بە دەستی هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی بازاڕی شار، هاووڵاتیانی ئەو شارە لەڕۆژی دووشەممە ۱۳ی خەرمانان لە بەر بینای قایممەقامییەت (فەرمانداری) گردبوونەوە.
لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە ڕۆژی ۳شەممە پانتایی ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر بوویەوە و هێزە ئەمنییەکان، تەقەیان لە خەڵکی ناڕازی کرد و بەو هۆیەوە، چەند هاووڵاتی کورد بریندار و دەستبەسەر کران. لە حەوتووی ڕابردوودا ۲کۆڵبەری کورد لە ناوچەی سنووری بانە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژران و ئەوەش زنجیرەیەک لە ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
شایانی باسە کە لە ماوەی ۲مانگی ڕابردوو، ۳۴ کۆڵبەری کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون یا بریندار کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستــــــان