ناڕەزایی بەرانبەر بەکوشتنی کۆڵبەران لەشاری بانە ومانگرتن وهاودەنگی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ودوابەدوا خۆپیشاندانەکانی خەڵکی شاری بانە وداخستنی بازاڕ ،خەڵکی شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەیانییەی جیاجیایان بۆپشتیوانی لەم ناڕەزایەتیانە بەمەبەستی ڕاوەستانی کوشتنی کۆڵبەران دەرکردووە.لەم ناوەدا خەڵکی مەریوان وسەقز وسەردەشت، ئەوڕۆ بەداخستنی دوکانەکانیان،هاودەنگی وهاودڵی خۆیان ڕاگەیاندووە،چالاکانی مەدەنی سنە وکرماشان وشارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بانگەوازیان دەرکردووە بۆکۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی.

خەڵکی لەیلاخ، ڕێخراوەگەلی مەدەنی وچالاکانی دێولانیش بەدەرکردنی بەیانییەیەک لەڕێکەوتی ۱۵ی خەرمانان،کوشتنی کۆڵبەرانیان لەلایەن هێزە ئینتزامی وبنکەکانی هەنگی سنوورییەوە مەحکووم کرد.

جێگەی باسە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمنی کراوە وتەژییە لەهێزی چەکدار وهەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتیی وهێڵی ئینتەڕنێتیەکان تێک چووە ،وهەرلەم چوارچێوەیشدا تاقمێک لەچالاکانی ئینتڕنێتی کە ۵کەسن دەسبەسەرکراون کەناونیشانی ۳کەسیان لەسەرچاوە نافەرمییەکانەوە بەم شێوەیە ؛ ئارمان فەرەجی، شوجاع حسێنپوور، ئارام خاکی.

هەروەها لەتێهەڵچوونەکانی دوێنێی شاری بانە ۱۰کەس بریندار و۱۵ کەسیش دەسبەسەرکراون کەناوی ۳کەسیان بەپێی سەرچاوە نافەرمییەکان ؛ کوردۆ حسێنپوور، جەلال ساوان وئەحمەد شەفیعی ڕاگەیەندراوە.
ئەم ناڕەزایی وخۆپیشاندانە بەربڵاوانە بەهۆی داواکاری خەڵکەوە لەمەڕ کوشتنی کۆڵبەرانەوەیە کەلەڕووی ناچاری وبێکارییەوە ڕوویان لەم کارە قورس وپڕمەترسییەوە کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون لەساڵی ۹۵ ٤۷کۆڵبەر بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ئیسلامی ئێران کوژراون ولەماوەی ئەم دوو مانگی ڕابردوویەدا ۳۳ کۆڵبەر کوژراووبریندار بوون کەلەنێوانیاندا حەیدەر فەرەجی۲۱ساڵ تەمەن و وەحید دەوڵەتخواە بە۱۷ساڵ تەمەنەوە لەگەنجترین کوژراوانی ئەم دوایانەیە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: