پاش کوشتنی دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی بانە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناوەکانی”قادر بەهرامی وحەیدەر فەرەجی” لەڕێکەوتی دووشەممە ،۱۳ی خەرمانانی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،خەڵکی ئەو شارە داوای لێپێچینەوە لەبکوژان وهێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیان کرد وئەو کردەوە نامرۆڤانەیان مەحکووم کرد .
بەڵام مەخابن هیچ وڵامێکیان وەرنەگرت هەربۆیە بڕیاری مانگرتن وناڕەزایەتی سەرتاسەریان ڕاگەیاند وبەکۆبوونەوەیان لەبەردەم قایمقامەتی شاری بانە،قایمقام ئامادە نەبوو وڵامی داواکاری خەڵک بداتەوە وخەڵکیش بڕیاریان دا ڕۆژی دواتر بەداخستنی هەموو دوکان وبازاڕەکان درێژە بەناڕەزایەتییەکەیان بدەن وبەشێوەی مەدەنیانە ڕژانە سەرشەقام ودام ودەزگا حکوومییەکان وهێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیش وەکوو هەمیشە لەبەرانبەر هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی مەدەنیانە بە پەلامار وتوندوتیژی وڵامی خەڵک دەداتەوە.
بەهێنانی هێزی تۆکمە وتەنانەت باڵەفڕە بۆشاری بانە وهەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان وگازی فرمێسک ڕێژ پەلاماری خەکی داو چەندین کەسی لە خۆپیشاندەران و خەڵکانی مەدەنی دەستبەسەر کردوە و ئەم هەڵسوکەوتە بووە بەهۆی ئەوە هەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاڵپشتی وهاودەنگی وخەمخۆری خۆیان ڕاگەیاندووە وداواکارن چیتر سیاسەتی هەڵاواردن وبرسی کردن وکوشتوبڕی کاسبکاران کۆتایی پێ بێت .
وەک دەزانین وڕۆژانە ڕاپۆڕتی کوشتنی کۆڵبەران وخۆکوژی وقەیرانی ئابووری وبێکاری وهەژاری لەلایەن کۆمەڵەی مافی مرۆڤەوە بڵاو دەبێتەوە وپاش مەحکووم کردنی ئەم سیاسەتە قیزەونە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز ئامادە نەبوون پێداچوونەوە وگۆڕانکاری لەسیاسەتی پاکتاوکردن وژینۆسایدی ڕەگەزی وتاڵان وبڕۆیاندا بێننە ئاراوە وتەنیا ڕێگەی بژێوی خەڵکی ئەم دەڤەرە وێڕای دەوڵەمەندی سەرخان وژێرخانی ئابووری ناوچەکە پەنابردنیانە بەکۆڵبەری ومەینەتییەکانی ئەم کارە ڕۆژانە وپڕکارەساتە ،کەهۆکاری سەرەکی دیاردەی وەکوو کۆڵبەری ودەسفرۆشی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەربۆیە ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لەهەمو چالاکوانانی مەدەنی وهەموو ڕێخراوە مافی مرۆییەکانی ناوخۆ وجیهانی وڕێخراوی نێودەوڵەتی دەکەین لەهەمبەر ئەم ڕەوتە سیاسییەی کۆماری ئیسلامی گرتوویەتە بەر بێدەنگ نەبن وبەهانی خەڵکەوە بچن تاگەیشتنیان بەئامانجەکانیان وهەوەها پشتگیری هەمەلایەنەی خۆمان لەئاست ڕەوشت بەرزی و ورەی خەڵک ڕادەگەیەنین وهەمدیسان داواکارین هەموو خەڵکی شارەکانی کورووستان بەشێوەی مەدەنیانە وبەدوور لەتوندوتیژی پەرە بە خۆپیشاندان بدەن وخەڵکی ئەو ناوچەیەو بنەاڵەی کوژراوان بەتەنیا نەهێڵنەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان