دەسڕێژی هێزەئەمنییەتیەکان دیسانەکە هاووڵاتیانی سڤیلی کردە ئامانج

بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە سێشەمە ۷ی خەرمانانی ۱۳۹٦ی هەتاوی ۲ هاووڵاتی کورد لە نێوان ڕێگەی سەرەکی جوانڕۆ ــ ڕەوانسەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکرێنە ئامانجی دەسڕێژی هێزەئەمنییەتیەکان و بە توندی بریندار دەبن .

موحەممەد مەهدەوی و زمناکۆ مەهدەوی ۱۰ ساڵ تەمەن کە( باوک و کوڕ) بوون و دانیشتوی شارستانی جوانڕۆن لە کاتێکدا لەو ڕێگەی کە باس کرا ڕادەبوردن لە لایەن هێزەئەمنییەتیەکانەوە بە بیانوی هەڵگرتنی باری قاچاخ دەدرێنە بەردەسڕێژ و هەردوکیان بریندار دەبن .

بەپێی هەواڵە خۆجەییەکانی شوێنی ڕووداوەکە ئەم دوو هاووڵاتییە هیچ بارێکیان پێنەبوە . پێویستە بەبیری بێنینەوە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕۆژانە و بەردەوام بە بیانوی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەنە بەر دەسڕێژ و دەیان کوژن و برینداریان دەکەن .

بە پێی ئامارەکان تا ئاخری مانگی جولای ۲۰۱۷ لە ڕۆژهەڵاتدا ۱٤ کۆڵبەر کوژراون و ۲۹ کۆڵبەریش بریندار کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان