بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئێوارەی چوارشەممە ۱٨ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، گیراوێکی نەخۆشی کورد کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی بنکەی تەندرووستی بەندیخانەکە دەکات، لەبەر ئەوەی پزیشکی ئەو ناوەندە لە پێدانی چارەسەر خۆی دەبوێرێت، لە نێوان ئەو گیراوە کوردە و پزیشک و کارمەندانی بنکەی تەندرووستی زیندان، دەمەقاڵێ درووست دەبێت و لەلایەن کارمەندان و سەربازانی گرتووخانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و سەرەڕای بوونی چەندین جۆر نەخۆشی ڕۆحی و جەستەیی، دەخرێتە ژووری تاکەکەسییەوە.
“عەلی موحەممــــــــەدی” خەڵکی شاری کرماشانە و یەکێک بووە لە کادرەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران. ناوبراو ماستەڕی لە زانستە سیاسییەکان هەیە و لە ساڵی ۱۳٨۷ی هەتاوی لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری تاران دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی ۱۵ مانگ لە ژێر لێکۆڵینەوە دابووە.
عەلی موحەممەدی لە دوای ۲ساڵ لە دەستبەسەری و لە ساڵی ۱۳٨۹ی هەتاوییدا بە تاوانی شەڕکردن لەگەڵ خودا(محاربە) بە لەسێدارەدان سزا درا و سەرەڕای ناڕەزایەتی ناوبراو لە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی، سزاکەی پەسەند کرایەوە.
دوابەدوای وەدواکەوتنی وەکیلی ناوبراو، سەرەنجام داواکاری بەخشینی ناوبراو لەلایەن شوڕای بەخشینی زیندانیانی کۆماری ئیسلامییەوە، سزاکەی بۆ ۱٨ ساڵ زیندان و گویستنەوەی ئەو گیراوە بۆ گرتووخانەی ناوەندی ورمێ، پەسەند دەکرێت.
خستنە ژووری تاکەکەسی ناوبراو لە کاتێکدایە کە ناوبراو لەماوەی ۱۵ مانگ ڕاگرتنی لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، تووشی ڕەوان پەرێشانی و چەندین جۆری نەخۆشی جەستەیی هاتووە و تەنانەت پزیشکی یاساییش، ڕاگرتنی ناوبراو لە زیندان دا بە مەترسیدار زانیوە.
سەرچاوەیەک ڕایگەیاند کە ناوبراو کوتوویەتی لە بەرامبەر بەو دەستدرێژییەی کراوەتە سەرم مان لە خواردن دەگرم و بەهۆی نەبوونی هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵی، لە باروودۆخی هیچ زانیارییەکمان لەبەر دەستدا نییە.
شایانی باسە کە ڕاگرتنی لە ژووری تاکەکەسی و مانگرتنی ناوبراو لەخواردن، کاریگەری خراپی لەسەر تەندرووستی عەلی موحەممەدی دەبێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان