ئیبراهیم ڕەحمانی کە بە ناسناوی ” برایم تازانی” لە شاری بانە ناوبانگی دەرکردوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ ئیبراهیم ڕەحمانی ڕۆژی یەکشەممە۸ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی لە دەڤەری شاری بانە بە بێ ئاگادارکردنەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.
بە پێی ڕاپۆرتەکە سێ سەر ئێستر بە بارەکانیانەوە کە ماڵی ناوبراو بوون پاش کوشتنی ئیبرایم ڕەحمانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بە سەریدا گیریا.
ئیبراهیم ڕەحمانی بە وێنەی کۆڵبەرانی دیکەی کورد بە هۆی هەژاری و نەداری ڕووی لە ئیشی پڕ لە مەترسی کۆڵبەری بۆ وەدەست خستنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەی بنەماڵەکەی کردبوو .
بە پێی ئەو زانییاریانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ؛ لە حەوتوی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون و دوو کۆڵبەری دیکە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە گرانی بریندار کراون و ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی بە لاڕێبردنی کوشتنی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بیانوی بیمە کردن دەستی کردوە بە کۆکردنەوەی ناو و زانیاری تەواو لە کۆڵبەران .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان