بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەختی بریندار کرا و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بۆ ناوەندی تەندرووستی لەشاری ورمێ گوێسترایەوە.
بەپێی هەواڵەکە، نیزیک کاتژمێر ۹ی شەوی ڕابردوو ٨ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، جارێکی دیکە و بەبێ ئاگادارکردنەوە لەنیزیک گووندی “دۆڵەیی” سەربە شاری سەردەشت، تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بەنێوی “ئازاد مینەعەبدولی” خەڵکی ئاوایی”دەرماناوا”ی سەردەشت بە تووندی برینداربوو.
سەرچاوەکان دەگێڕنەوە کە هێزە چەکدارەکان لەپێشدا ڕێگرییان کردووە لە گوێستنەوەی ئەو کۆڵبەرە بریندارە بەڵام بەهۆی پێداگری و ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکە، مەجبوور بە ڕێدان کراون.
هەروەها هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەپاش تەقەکردن و بریندارکردنی “ئازاد” و هەڵهاتنی کۆڵبەرانی دیکە، دەستیان بەسەر نیزیکەی ۵۰ سەر لە ئەسپی کاسپکاران داگرتووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


