تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران،کوژرانی کۆڵبەرێکی بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لێکەوتەوە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ۵ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی بەربوونەوەوە گیانی لەدەست دا.

“محەممەد ئیسماعیل زادە” کوڕی عومەر، خێزاندار، باوکی منداڵێک و خەڵکی ئاوایی “سیسێــر”ی سەر بەشاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ کۆمەڵێک کۆڵبەری دیکەدا کەوتووەتە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەهۆی تەقە و ڕاوەدوونانەوە، لەبەرزایی ڕا بەردەبێتەوە و لەبەر گرانی برینەکەی، گیانی لەدەست دەدا.

سەرچاوەیەک ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و کوژرانی محەممەد ئیسماعیل زادەی لێکەوتۆتەوە.

پێویستە بوترێت کە بەهۆی بێکاری و بێ دەرەتانی لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆڵبەری بووەتە هۆی بژێوی ژیانی کۆمەڵێک لەخەڵکی ئەو ناوچانە کە لەنێویان دا لە کەم ئەندام ڕا بگرە هەتا خوێندکاری دوکتۆرای تێدایە کە بەهۆی سیاسەتی هەڵاواردن و ئەمنییەتی دەستهەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێگایەکیتریان بۆ بەدەستهێنانی کەمترین داهات بۆ نەماوەتەوە.

شایانی باسە کە لەماوەی ٤ مانگی دەستپێکی ساڵی نوێی هەتاوییەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ۱٨کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون یان بریندار کراون و هەر لەو ماوەیەدا بە دەیان سەر ئەسپی کاسپکارانی کورد لەلایەن ئەو هێزە چەکدارانە لەناوبراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان