بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ؛ لە ڕێکەوتی ۳ی گەلاوێژی ۱۳۹٦ هەتاوی، چوار بەندکراوی ، زیندانی ناوەندی ورمێ لە ڕۆژههڵاتی کوردستان بە مەبەستی لە سێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکە کەسی کراون .
بە پێی هەواڵەکە ، دوو کەس لەو بەندکراوانە کە ناسنامەیان نادیارە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەهۆشبەرەکانەوە و دوو کەسی دیکە کە برا بوون و خەڵکی شاری مهابادن بە ناسنامەی ” فتاح ئەمینی ” و ” خالد ئەمینی ” بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک بە سێدارەدان سزا دراون.
جێگای وەبیر هێنانەوەیە کە پارلمانی شۆرای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە و هەمووار کردنی یاسایی گیراوانی دۆزی مادە هۆشبەرەکانە و دەیەوێت ڕێژەی لە سێدارەدانی تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان کەم بکاتەوە و نوێنەرانی پارلمان پێشتر لە دەزگای قەزایی داوایان کردبوو کە تا کۆتایی هاتن بەم لێکۆڵینەوەیە و دەرکردنی بڕیاری کۆتای دەست لە جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی پێنج هەزار تۆمەتباری مادەهۆشبەرەکان ڕابگیرێت .
بەڵام دەزگای قەزایی بە بێ بەرچاوو گرتنی ئەم داخوازییە پاداگرە لە سەر جێبەجێ کردنی سزای سێدارەی گیراوانی مادە هۆشبەرەکان و ڕۆژانە جێبەجێ کردنی سزایی سێدارە لە ناو دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە هەموو شوێنێکدا دەبینین ، بە چەشنێک کە ئامارگەلی نافەرمی دەڵێن پتر لە ۳۰۰ کەس لە ساڵی ۱۳۹٥ زایینیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراوون کە لەو ڕێژەییە ۱۸ کەس لەکاتی دەستبەسەرکردندا لە ژێر ۱۸ساڵەوە تەمەنیان بوە و ٥ کەسیش لە شوێنی گشتیدا لە سێدارە دراوون .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان