بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، بە پێی بڕیاری رەسمی لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد تێکرای سامان و مڵکی گیراوێکی سیاسی بە ناوی “خالق موحەممەزادە” دەستی بە سەردا گیراوە.
جیگای ئاماژەیە کە خالقی موحەممەزادە لە رێکەوتی ۲۳ی خەزەڵوەری ۱۳۸۲ی هەتاوی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات بە تاوانی چالاکی سیاسی و مەدەنی و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی دەستبەسەر و لە دوای ئەشکەنجە و ئەزیەت و ئازارێکی لە رادەبەدەر بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و پاشان بە یارمەتی ۸۶ ملوێن تمەنی و بارمتەی خانوو ئێزنی مەرەخەسی کاتی پێ دەدرێت.
شایانی باسە ناوبراو لە کاتی چارەسەری پزشکی لە نەخۆشخانە رادەکات و پەنا بۆ باشووری کوردستان دەبات و پاشان لە شاری هەولێر چارەسەری پزیشکی پێویستی بۆ ئەنجام دەدرێت. بە پێی زانیاریەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە رێکەوتی ۲۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی بە بڕیاری فەرمی دادگای شۆرشی شاری مەهاباد بانگهێشتی بنەماڵەی “خالق موحەممەزادە ” دەکرێت و پێیان رادەگەیەندرێت کە بە هۆکاری چالاکییە غیرە یاساییەکانی ناوبراو لە دەرەوەی وڵات و هاوکاری لە گەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکان و دژایەتی نیزام و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی تەواوی مڵک و ماڵ و داراییەکانی دەستی بە سەردا دەگیرێت.
خالق محەممەزادە لە دایک بووی ۱۳۵۴ و فەرمانبەری کاتی ئیدارەی کار و باری کۆمەلایەتی مەهاباد بووە و لە ساڵی ۱۳۸۲ لە لایەن ئیتلاعات دەستبەسەر و دواتر بە بریارێکی چەند خولەکی دادگا سزای ۱۰ ساڵ دوورخران و گیران لە زیندانی مەراغە و دانی ۱۷ ملوێن تەمەن غەرامەی بە سەر دادەسەپێندرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان