بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەوڕۆ شەممە ۲٤ی پووشپەڕی ۱۳۹٦ی هەتاوی، ۲کەس لەو زیندانیانەی دۆینێ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان گوێزرابوونەوە، لە سێدارەدران.
سەرچاوەکان نێوی ئەو ۲ زیندانییە لە سێدارە دراوەیان کە ماوەی نیزیکەی ۳ساڵە لە بەندی ۱٥ی گرتووخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگیرابوون، بەوجۆرە ڕایانگەیاند:
۱ـ ماشەڵڵا سەیادنەوین خەڵکی ورمێ
۲ـ موحەممەد ڕەزا سادقی خەڵکی ئاوایی کانێ ڕەشی ورمێ
هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ۲۲ی پووشپەڕی۱۳۹٦ی هەتاوی ۳کەس کە بە تاوانی مادەهۆشبەرەکان لە گرتووخانەی پارسیلۆنی شاری خوڕەماوا ڕاگیرابوون، بەمەبەستی لە سێدارەدانیان، برابوونە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو گرتووخانەیە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە دۆینێ هەینی ۲۳ی پووشپەڕ، ٤ زیندانی بە تاوانەکانی مادەی هۆشبەر، بە مەبەستی لە سێدارەدانیان، گوێزرابوونەوە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو گرتووخانەیە کە نێوی ۳کەسیان ئاشکرا کرابوو و ئەوڕۆ ۲کەسیان ئێعدام کران.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەی بەکارهێنانی مادە ئەفیونییەکان و تاوانەکانی سەر ئەو دیاردەیە، نەیتوانیوە پلانێکی ژیرانە و کردەوەیی هەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە ٥۰۰۰ کەس بەو تاوانە لە زیندانەکان، لەچاوەڕوانی ئێعدام دان و بەرپرسانی حکوومی بۆ کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی ئەو سزایە، هەتا ئێستا نە تەنیا بێ چارەسەر ماونەتەوە بەڵکوو پڕۆژەی پێشنیاز کراوی نوێنەرانی پاڕڵەمانی ئەو وڵاتەشیان پشتگوێ خستووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان