لەدەرەوەی ڕووداوێکی تراژیدیک باس کردن لە تراژیدیا، سووک کردنی تراژیدیایە

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە چوارچێوەی هەست کردن بە بەرپرسیارێتی و هەروەها هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگای کوردستان، بەپێویستی دەزانێ بۆ ئاگادار کردنەوەی گەلی کوردستان و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی لەمەڕ پێشێلکارییەکانی سەر مافی تاک لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، دەقی نووسراوی قوربانییەکی تێزاو پڕژاندن کە دەکرێ وەک نامەیەکی سەر ئاوەڵا بۆ ڕای گشتی ببینرێت و لە لاپەڕەی فیسبووکی خاتوو سووسەن ئیسماعیل نژاد هەڵبگرێت و بڵاوی بکاتەوە.

باسکردن لە ئەزموونێکی تاکەکەسی، تا ئەو کاتەی وەک ئەزموونی تاکەکەسی دەمێنێتەوە شتێکی تایبەتی و فەردییە. بەڵام کاتێک هەوڵ دەدرێت ئەو ئەزموونە لە گەل کەسانیتر باس بکرێت و کەسانیتر لە وەها ئەزموونێکدا بەشداری بدرێن، لە ئەزموونێکی تایبەتی و تاکەکەسی دەردەچێت و رەنگ و بۆیەکی گشتگیرتر بەخۆیەوە دەگرێت.
تا ئەو کاتەی ئەزموونەکە تاکەکەسی بێت، بارێکی پەسیڤی هەیە. بەڵام کاتێک خەڵکانیتری تێدا بەشداری دەدرێت بارێکی ئەکتیڤ پەیدا ئەکات و ڕەنگە ببێت بە هۆی جووڵەیەکی کۆمەڵایەتی، کەلتووری و یاسایی. باسکردنی من لێرەدا لەم باسە بۆ ئەوەیە کە لەو حاڵەتە پاسیڤە دەری بهێنم و بیخەمە دۆخێکی ئەکتیڤەوە. دۆخێک کە ببێت بۆ هۆی دروستبوونی هاوسۆزی و هاودڵی. دۆخێک کە کەسانێک نەک لە رووی بەزەیی پێداهاتنەوە، بەڵکوو لە رووی هەست کردن بە بەرپرسایەتییەوە بیانهەوێت دژ بەو دیاردەیە بوەستنەوە.
من لێرەدا نامهەوێت باس لە هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی دیاردەی تێزاب پژاندن بکەم و ئەمە کاری شارەزایانی ئەو بوارەیە. باس لەو ئەزموونە تاکەکەسییە ئەکەم کە ٣ ساڵ لەوە پێش بۆم هاتە پێش و ئێستاش وەک مۆتەکەیەک بە سەر ژیانمەوە ماوەتەوە و لە خەویش دا وازم لێناهێنێت. ئەسیدم پێدا دەپژێنن، دەسووتێم و خەبەرم دەبێتەوە جارێکیتر بیر لەو ساتە ئەکەمەوە کە ئەوەیان بەسەر هێنام.
ئێستاش کە بیر لەو چرکەساتە دەکەمەوە تەزوو بە هەموو لەشمدا دێت. لە یەک چرکەساتدا هەست دەکەم دونیا لە بەرچاوم تاریک دەبێت. کە بە خۆدا دێمەوەمەوە دەزانم بووم بە یەكێک لەوانەی پێی دەوترێت قوربانی ئەسید پژاندن. هەموو ئەو چیرۆک و گێڕانەوانەم بە مێشکدا دێت کە قوربانییەکانی ئەسید پژاندن لە چەند سالێ رابردوودا لە رۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنتەرنێت بڵاویان کردبۆوە و خوێندبوومەوە. تەنانەت بۆ جارێکیش بیرم لەوە نەدەکردەوە رۆژێک ببم بە یەكێک لەو قوربانیانە.
ئەو خوێندنەوەیەی من لە ئەسید پژاندنم هەبوو، خوێندنەوەیەک بوو کە هەستم بە قێزەون بوونی ئەو کارە دەکرد. بەڵام قەت بە قەد ئەو چرکەساتە کە نەک پێستم، بەڵکوو رۆحیشم دەسووتا، هەستم بە تراژیک بوونی ئەو رووداوە نەدەکرد. من لە ناو رووداوەکەوە، وەک یەكێک لە قوربانییەکانی ئەم دیاردەیە قسەتان لەگەڵ ئەکەم، قوربانییەک کە لە باری جەستەییەوە لە چاو زۆرێک لە قوربانیانیتر کەمتر زیانم بەرکەوتووە و بەخت یارمەتی داوم کەدەم و چاوی نەگرتوومەتەوە. بەڵام لە باری رۆحیەوە من هەستم بە هەمان قووڵایی کارەساتی تراژیک کردووە.
لەم سێ ساڵەدا زۆر شەوان بە دەم خەوی ناخۆشەوە بەئاگا هاتوومەوە. بۆ من ئازاری جەستەیی ئەم ڕووداوە تەواو بووە، بەڵام ئازاری رۆحی هەتا ئێستاش وەک رۆژی یەکەمە و بۆ من هێشتا تازەیە. قوربانی رووداوێکی وەها پێویستی بە چاودێری پزیشکی و دەروونیە. بەڵام لای ئێمە نەتەنیا گرینگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت بەڵکوو بە پێچەوانەوە رەنگە دەروونیشت بریندار بکرێت.
زۆر جار کە دەتهەوێت لە فەزایەکی گشتیدا باس لەو رووداوە بکەیت، بریندار دەکرێیت. یانی فەزای گشتی کۆمەڵگا دژی تۆیە. قوربانیەکی ئەسید پژاندن بەزەیی پێداهاتنەوەی ناوێت، بەڵکوو دەرک کردن و تێگەیشتن لە ئازارەکانی دەتوانێت لە باری دەروونیەوە سووکی بکات.
ئێمە چەندین جار دەبین بە قوربانی و ئەم پرۆسەیە تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە.
یەک جار جەستەمان سووتاوە، هەستمان کردووە دەستدرێژییەکی جەستەیی و رۆحی کراوەتە سەرمان. ئازارێکی جەستەیی و رۆحی درواین. ئەو ئازارە ئێستاش لە باری دەروونییەوە هەر درێژەی هەیە.
کۆمەڵگا بە زمانی خۆی توانجت لێ دەدات و بریندارت دەکات، لە بەر ئەوەی لە دیدی ئەم کۆمەلگا پیاو سالارەوە هەر ئەو پیاوە لە سەر ماف بووەو راستی کردووە کە ئەم ئەسیدەی پژاندوە، نەک منی ژن کە قوربانیم. قوربانییەک کە تا دوای رووداوەکەش جەلادەکەی خۆم نەدەناسی.
یاسا بە شێوەی خۆی بریندارت دەکات. دوای ٣ ساڵ لەم رووداوە یاسا هیچ وەڵامی خواستەکانی نەداومەتەوە. لە لایەن حکوومەت و ناوەندە یاساییەکانەوە بە شێوەی شایستە پەروەندەکە کاری لە سەر ناکرێت. بە پێچەوانەوە دژی خواستی ئێمەی قوربانی بڕیار درا بە ئازاد کردنی تاوانبار.
لە باری حقووقیەوە منی قوربانی دەبێت لەو تاوانبار (جەلاد)ە خۆش بم. ئەو کات یاسا ئەتوانێت بڕیاری بەخشینی بدات. بەڵام من نەتەنیا لێی خۆش نەبووم، بەڵکوو داوای مافی خۆم دەکەم. من وەک قوربانی باوەڕم بەوە نییە ئەو کەسە ئەبێت تێزاوی پێدا بکرێتەوە، بەڵام ئازاد کردنی تاوانبار بە بێ هیچ سزایەک و بە بێ هیچ قەرەبوویەک لە لایەکەوە ئاوەڵا کردنی دەستی تاوانبارانی وەک ئەوە بۆ ئەنجامی ئەم کارانە کراوەتر دەکات و لە لایەکیتروە بریندار کردنەوەی هەموو رۆژەی منی قوربانیە.
قەرەبوو کردنەوەی زیانەکان، گەڕاندنەوەی مافەکانمان وەک قوربانییەک خواستی ئێمەیە، بەڵام دادگا و یاسا ئەم خواستەمان لە بەرچاو ناگرێت. دوای سێ ساڵ لەو رووداوە ئەوەی بۆ من ماوەتەوە جەستەیەکە کە هێشتا نیشانەکانی سووتانی پێوەیە و لانیکەم بەشێک لە جوانی جەستەم لە دەست داوە. هەر وەها ئازارێکی قووڵی دەروونیە، ئازارێک کە هەر دەم پێیەوە دەتلێمەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان