دەسبەسەری گەنجێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری ورمێ وە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ،ڕۆژی ۱۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۶ی هەتاوی ،گەنجێک بەناوی “شەمسەدین عەلیزادە” تەمەن۱۸ساڵ ودانیشتووی گەڕەکی میرئاوای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە لەشوێنی کارەکەی دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆشوێنێکی نادیار.

بەگوێرەی هەواڵەکە، ناوبراو بەتۆمەتی سیاسی بوون وپێوەندی لەگەڵ پارتە کوردییە دژبەرەکانی حکوومەت دەسبەسەر کراوە. وهەروەها بەبنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کەبەهۆی پێوەندی لەگەڵ حیزبەکان وهەروەها ئامانجی چوونەدەرەوە لەووڵات بووە.کەچی ناوبراو لەناوچە سنوورییەکان دەسبەسەر نەکراوە وتەنیا لەسەرکارەکەی بووە وبەلێدان وسوکایەتی وبەبێ هەبوونی بەڵگەی قەزایی هێرش کراوەتە سەری.

جێگەی باسە کە،کۆماری ئیسلامی ئێران ،بەبێ هەبوونی بەڵگەی گونجاو وسەلما لەمەڕ تاوانباربوونی دەسبەسەرکراوان لەلایەن دادگاوە ،پەلاماری هاوڵاتیان دەدات ولەگرتووخانەکانیان توند دەکات وبەئازار وئەشکەنجەی گران وزیندانی زۆر دان پێدانانیان لێ وەردەگرێ بۆئەوەی بتوانی باشتر هاوڵاتیانی کورد سەرکوت بکات وپەرە بەسیاسەت قیزەونەکانی خۆی بدات وئەمەیش بۆخۆی ئاشکراترین پێشێلکاری مافی مرۆڤە کەلەمادەی ۹ی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە.کەهیچ کەسێک نابێت بکەوێتە بەرشاڵاوی ڕاوەدونان،دەسبەسەری وزیندانی ودوورخستنەوە لەزێد ونیشتمانی خۆی بەشێوەی سەرەڕۆیانە وپەلاماردان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان