بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوکتۆر سەلاحەدین خەدیوو ،ڕۆژنامەوان وچالاکی سیاسی ونووسەری کورد خەڵکی مەهاباد لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوڕۆ۱۳ی پووشپەڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەرکرا.
ناوبراو لەکەسایەتییە ناسراو وڕەخنەگرەکانی کورد وخاوەن قەڵەم کە دەستێکی باڵای هەیە لە پێشکەش کردنی ووتار وڕۆشنگەری لەبلاڤۆک و گۆڤارە کوردی وفارسی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ،خاوەن پێگە وجێگەیەکی تایبەتە لەئەدەبی سیاسی وکەلتووری کوردستان.
جێگەی باسە،کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لەهەوڵی کپ وبێدەنگ کردنی ڕووناکبیر وچالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندایە ودەیهەوێ هەموو دەنگ وچاوە وردبینەکان کوێر بکاتەوە ،بەچەشنێ کە ناوبەری ڕووناکبیران وخەڵک کەلێنێکی واپێک بێنێ کە بڕوایەت وتێگەیشتن بکوێرێنێتەوە وبەجێی تێگەیشتن وگەشەی دەنگە ڕزگاری بەخشەکان تەنیا گوێ بیستی درۆ وفروفێڵی پلانە قیزەونەکانی دەسەڵات بن،هەربۆیە بەدەسبەسەری وپەلامار دان وهەڕەشە لەسەر ڕووناکبیران ساناتر دەتوانێ بە پلانەکانی بگات .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان