کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی خۆی بەنێوی “عەدنان ڕەشیــــــــدی” کە خەڵکی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی پێنجوێن لە باشووری کوردستانە، لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە، لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە زانیوێتی کە دوابەدوای دەستبەسەر کردنی ناوبراو، لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە، سەرەڕای باری خراپی تەندرووستی، تووشی لێدان و بێ ڕێزی بووەتەوە و دواتر ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
شایانی باسە کە ماوەیەک لەوە پێش هاوڕێمان “عەدنان ڕەشــــــــــیدی” لە نامەیەک دا کۆمەڵەکەمانی ئاگادار کردووەتەوە کە لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە بانگهێشت و هەڕەشەی دێپۆرت کردنەوەی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لێکراوە. عەدنان ڕەشیدی ئەندامی kmmk و زیندانی سیاسییە و لە ئەگەری ناردنەوەی بەرەو ئێران، مەترسی لەسەر ژیانی درووست دەبێت.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای شەرمەزار کردنی دەستدرێژی کردنە سەر ئەو هاوڕێ تێکۆشەرەمان لە لایەن ئاسایشی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، پاراستنی ئەمنییەتی ژیانی ناوبراویش دەخەینە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو دەڤەرە و لە هەر ئەگەرێک بە بەرپرسیان دەبینین.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان