ساڵوەگەڕی کیمیابارانی سەردەشت وناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەربە کوشتنی کۆڵبەرەکان ولەناوچوونی سروشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ،ئەوڕۆ لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانی سەردەشت  سەدان کەس بەهەڵگرتنی پلاکاردگەلێک ،ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بەکوشتنی کۆڵبەرەکان،ئیکۆسایدی داربەڕووەکانی زاگرۆس ووشک کردنی کەڵوێ(زاپ)ی سەردەشت نیشان دا.

جێگەی بیرهێنانەوەیە  کەلەڕۆژی ۷ی پووشپەڕی ۱۳۶۶ بەرانبەر بە ۲۸ی ژوئەنی ۱۹۸۷ شاری سەردەشت کەوتە بەر بۆردمانی کێمیایی لەلایەن حکوومەتی (بعث)ەوە و۱۱۸ کەس گیانیان لەدەست دا وبەهەزارانیش برینداربوون.

لەڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی ئەمڕووداوە لەلایەن ڕێخراوە مەدەنییەکانەوە بەئامادەبوونی هەزاران کەس ،خەڵک بەهەڵگرتنی پلاکارد ونووسراو بەزمانەکانی کوردی،فارسی وئینگلیزی،کوشتنی کۆڵبەرەکان،لەناوبردنی داڕستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وشک کردنی چۆمی کەڵوێ یان مەحکووم کرد وبەڕۆیشتن بەرەو شوێنی کەوتنەخوارەوەی بۆمبە کیمیاییەکان وکوشتنی بەردەوامی کۆڵبەران ولەناوبردنی ڕۆژلەدوای ڕۆژی ژینگەی کوردستان،ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەرپرسانی حکوومی بەجێی سەرنج وبایەخدان بەم ناڕەزایەتیانە،بەپەلامار وهێرش پلاکاردەکانیان خڕکردەوە.

بەپێی ئەوەی ڕووباری کەڵوێی سەردەشت دویەمین ڕووباری گەورەی ئێرانە وحکوومەت بەتەمای گواستنەوەی ئەو ئاوەیە بۆناوچە ناوەندییەکان،ئەم بابەتە خەڵکی سەردەشت ونیو ملوێن دانیشتوانی دەورووبەری ئەم ڕووبارە تووشی ئیکۆسایدی ژینگەیی دەکات.

کوشتنی بەئەنقەستی کۆڵبەرانیش نیشانەی پێشێلکاری بەردەوامی مافی مرۆڤە لەلایەن دەوڵەتەوە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان.کۆڵبەری بەهۆی بێکاری بەردەوامی خەڵکی سنوور نشین لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وبۆوێنە سەردەشت ودەورووبەری بووە بەپیشەیەک بۆ بژێوی ڕوژانە، کەچی هەرڕۆژە بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وکوژران وبریندارکردنی ئەوان بووە بەهۆی ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڕێخراوەکانی مافی مرۆیی نێودەوڵەتی.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: