کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان وەک ئامرازێک لە دژی گەلی کورد بەکار دەهێنێت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی 1ی پوشپەڕی  ۱۳۹٦ی هەتاوی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی سیاسەتە دژە ژینگەییەکانی، ئاوی ڕووباری زێی بچووکی لەسەر بەنداوی “کۆڵەسە”ی سەردەشت گرتەوە.

ئاوی زێێ بچووک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و بە ناوچەی پشدەر لە باشووری کوردستان دا تێدەپەڕێت و دەچێتە بەنداوی دووکان و لە کۆتاییدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤۲۰ کیلۆمیتر، دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.

بەنداوی کۆڵەسە لە نیزیک گووندی کۆڵەسە لە دووری ۹ کیلۆمیتر لە ڕۆژئاوای شاری سەردەشت و لەسەر چۆمی کەڵوی کە بە زێی بچووکیش ناسراوە، هەڵبەستراوە کە لەساڵی ۱۳٨٥وە بەمەبەستی هەڵبەستنی کاری لەسەر دەکرێت و لە سەرەتای ئەوساڵ ئامادەی گلدانەوەی ئاو کراوە.
بە گرتنەوە ئاوی ئەو بەنداوە ناوچەی پشدەر تووشی کارەساتی ژینگەیی دێت و بەنداوی دووکان تووشی کەم ئاوی دەبێتەوە و ڕاستەوخۆ ژیانی خەڵکی ئەو دەڤەرە دەخاتە مەترسییەوە.

شایانی باسە هیچ یەک لەو بەنداوانەی لە کوردستان درووست دەکرێت لە خزمەتی خەڵکی ناوچەکە دانییە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین بەنداوی تێدایە و خەڵکی کورد لەزۆر لە شار و گووندەکان تووشی گرفتی کەم ئاوی دەبنەوە.

سیاسەتی دژ بە ژینگەی داگیرکەران بە درووستکردنی دەیان بەنداوی جۆراوجۆر بۆ ئەوەیە هەتا لەو ڕێیەوە ئاسەوارە سرووشتی و مێژووییەکانی کوردستان بخرێنەژێر ئاوەوە و لەناو بچن کە “کانی بڵ” لەسەر چۆمی سیروان یەکێک لەوانە و هەروەها بابەتی ئاو وەک کارتێکی سیاسی لەدژی گەلی کورد لە هەموو بەشەکان بەکار دەهێنرێت.
لە درێژەی هەمان سیاسەتدا بەنێوی پڕۆژەی گاپ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاش بە درووستکردنی بەنداوی ئیلەسوو لەسەر چۆمی فورات شاری “حەسکێف” لە باکووری کوردستان کە یەکێک لە کۆنترین ئاسەوارە مێژووییەکانی جیهانە وەژێر ئاو دەخات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان