هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆڵبەڕێکی کوردیان کوشت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان پێنجشەممە ۲٥ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٤ بۆ ٥ی بەرەبەیانی، هێزە سنوور پارێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات ـ باشووری کوردستان، لەناوچەی بێتووشی سەربە شاری سەردەشت، تەقە لە کۆمەڵێک کۆڵبەر دەکەن و لە ئەنجام دا کۆڵبەرێک بەنێوی “سیروان عەزیزی خانەخلی” کوژراو کۆڵبەرێکی تریش کە نێوی نەزانراوە بریندار بووە و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت.

شایانی باسە کە لەبەر نەبوونی پیشە و بژێوی ژیان، خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕوویان لە پیشەی کۆڵبەری لەسەر سنوورەکان کردووە کە هەموو جارێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن یاخود بریندار دەبن و هەروەها زۆر جاریش ئەسپەکانیان لێدەکوژن و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیان دا دەگرن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان