تۆپ بارانی دەورووبەری مەریوان لەلاەن هێزە چەکدارەکانەوە بووبەهۆی ئاگرکەوتنەوەی سەرلەنوێی دارستانەکان

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕێکەوتی ۲۲ی جۆزەردانی۱۳۹٦ی هەتاوی ،دەورووبەری کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ دارستانەکانی”چاڵی سوور” سەربە ناوچەی سەرشێوی مەریوان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تۆپ بارانی ئەم ناوچەیە  لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سوتێنران کەبە هەوڵ وچالاکی خەڵک وسەرچاوە سرووشتییە بەردەستەکان کۆنتڕۆڵ کرا ،بەڵام لەڕاپۆرتێکی دیکەدا دوێنێ ۲۳ی جۆزەردان کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی ئەم دارستانانە تووشی ئاگرکەوتنەوە هاتوون وهاوڵاتیانی ئەم ناوچەیە سەرقاڵی کوژاندنەوەن ئەمە لەحاڵێکدایە کەڕووبەرێکی بەربڵاو لەم دارستانانە سووتاون.

جێگەی باسە کەئەم ناوچانەی کەناویان لێبرا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بنکە سەربازییەکانی گوندی”گڵە” تۆپ باران کراون وبەپێی کوتەی سەرچاوە هەرێمییەکان،ئەم ئاگرکەوتنەوانە  بەشێوەی بەئەنقەست ولەلایەن کەسان وهێزەکانی سەربە حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە دێنە ئاراوە کەدەبێتە هۆی کاول بوونی بەربڵاوی دارستانەکان ،لەوەڕگە وژینگەی مرۆیی وگیانلەبەرانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان