بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، ئەمڕۆ شەممە۲۰ی جۆزەردانی ۱۳۹٦ هەتاوی ” سەعید نادریگوڵدەرە ” خەڵکی شاری هەرسین لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی خواردنی دەرمانی شیمیایی دەستی دایە خۆکوژی و کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا .
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە ناوبراو لە بەندکراوانی تۆمەتباری مادە هۆشبەرەکان بوە کە بە تۆمەتی گوازتنەوە و ڕاگرتنی ۱۸کیلو هێرۆئین دەستبەسەر و نیزیکەی ساڵێکە بوە کە لە بەندیخانەی “قەزڵحەساری” کەرج ، بەندی دوو بەشی چواردە و ساڵۆنی یەک ، بە بێ سزا و دادگای کردنێک ڕاگیرابوو .
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە لە حەفتەگەلی پێشوودا ، یەکێک لە هێزەکانی ئەو بەندیخانەیە کە دەیویست مادەی هۆشبەر بباتە ناو بەندیخانەوە دەستبەسەر دەکرێت و لە ژووری تاکە کەسی بەندیخانەدا دەستدەداتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت . لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتگەلێکی زۆر سەبارەت بە خۆکوژی بەندکاران لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بڵاو بوەتەوە .
لە گەلاوێژی ۱۳۹٤ دا “عەلی محەممەدی” بەندکراوی تۆمەتبار بە سیخۆڕی لە بەندیخانەی ورمێ پاش حەوتویەک مانگرتن لە خواردن بە شێوەی خواردنی دەرمان(حەب) کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.
لە خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۳دا ” بابەک قووربانی” شارۆمەندی کورد ، پاڵەوانی یاری زۆران لە ئێراندا کە لە ساڵی ۲۰۱۰ لە ( گوانگجۆ ) پلەی یەکەمی یاریەکانی ئاسیایی بە دەست هێنابوو ، لە زیندانی “دیزڵاوای ” کرماشاندا دەستی دایە خۆکوژی و کۆتای بە ژیانی خۆی هێنا .
ناوبراو تۆمەتبار کرا بوو کە لە شەڕێکی سەر شەقامدا کەسێکی بە دەستی ئەو کوژراوە .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان