عەبدوڵڵا شەریعەتی، بێبەش لە چارەسەری

 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان  ڕەوشی تەندرووستی گیراوێکی کوردی سووننە مەزهەبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نێوی “عەبدوڵڵا شەریعەتی” لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج نالەبارە.

عەبدوڵڵا لە دایکبووی۱٦ی خاکەلێوەی ۱۳٦٦ی هەتاوی و خەڵکی شاری سنەیە.

لەو هەواڵەدا هاتووەکە ناوبراو لە ماوەی ٦ساڵی ڕاگیرانی لە زیندان، تووشی نەخۆشییەکانی هەناسە، بڕبڕەی پشت، پچڕانی دیسکی مل و قوڵەبوونەوەی ناسرووشتی ماسولکه کانی دەستی چەپ و لەو دواییانەش دا تووشی خوێن بەربوونی ناوخۆیی بووەتەوە.

لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لەکاتێک دا کە دەبوو چەندساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەری لەوزە(تیرۆئید)ی بۆکرابایە و هەروەها قوڵەبوونەوەی ماسولکه کانی دەستی چەپی و کاریگەرییەکانی لەسەر لاقی چەپی، ئەگەری لەکارکەوتنی بەشی چەپی لەشی لە ئارادایە.

عەبدووڵڵا شەریعەتی خێزاندارەوە و باوکی منداڵکی دوو سالەیە  کە لە ۲۱ی پووشپەڕی ۱۳۹۰ی هەتاوی لە سنە دەستبەسەر و پاشان حوکمی ۱۰ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و بۆ ئەو مەبەستەش ڕەوانەی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج کراوە.

۲ برای ناوبراو بە تاوانی شەڕکردن لەگەڵ خودا لە ۱۱ی گەلاوێژی ۱۳۹٥ لە سێدارە دراون و ناوبراو بە یارمەتیدانی براکانی تاوانبار کراوە.

ناوبراو خۆی بە بێ تاوان دەزانێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوا لە عاسیمە جەهانگیری و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات بە هانایەوە بچن.

شایانی باسە کە بە وتەی یەکێک لە خزمەکانی عەبدوڵڵا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕێگری دەکات لە ناردنە دەرەوەی ناوبراو بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: