ڕێگریکردن لە گیراوی سیاسی کورد “چەنگیز قەدەم خێری”بۆ چارەسەری پزیشکی

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و هەروەها بە پشتبەستن بە هەواڵنێری هرانا، “چەنگیز قەدەم خێری” لە دایکبووی ساڵی ۱۳٦۷ی شاری کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە ساڵی ۱۳۹۰ دەستبەسەر کراوەو دواتر گوێزراوەتەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە.ناوبراو بە برینداری کەوتبۆ دەست هێزە ئەمنییەکان و بنەماڵەی ناوبراو لەپاش چەند مانگ بێ ئاگایی و نیگەرانی لە باروودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئاگادار کرابوونەوە. چەنگیز لە پاش تێپەڕ کردنی ۲ساڵ لە گرتنی، بۆ بەندیخانەی مەسجدسولەیمان لە پارێزگای ئەهواز دوور خرایەوە. لەدوای چەند جار دانیشتنی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی، ماوەی ٤۰ ساڵ گرتنی بەسەردا دەسەپێنرێت.

دەبێ بوترێت کە وێڕای ئەرێ کردنی پزیشکان بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری بەهۆی خراپی تەندرووستیەوە، لەبەر دەستتێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات، ڕێگری لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بە زیندانییە سیاسییە کوردە کراوە. ناوبراو لە کاتی گرتنی دا بەتوندی بریندار کرابوو و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ ساڵ لە گیرانی، هەتا ئێستاش گوللە لە لەشی دەرنەهێنراوە. سەرچاوەیەکی نیزیک لە بنەماڵەی چەنگیز بە هەواڵنێری هرانا ی ڕاگەیاندبوو: ساڵی پار بەدانانی بارمتەیەکی ۳٥۰ میلیۆنی، بۆ ماوەی ۱٥ ڕۆژ بەمەبەستی سەردانیکردنی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەری، ڕێگەی هاتنەدەرەوەی لە زیندان پێدرا وناوبراو دۆسیەی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی شاری دزفول بۆکرابۆوە بەڵام بەهۆی پێشهاتیێکی کە بۆ بنەماڵەکەی هاتبووە پێش، نەیتوانیبوو، لەکاتی نەشتەرگەرییەکەی دا سەردانی نەخۆشخانە بکاتەوە. ناوبراو دواتر داوای درێژکردنەوەی ماوەی ڕێگەپێدانەکەی کردبوو و بەرپرسانی زیندان بەڵێنیان پێدابوو کە لەدوای ٤۰ ڕۆژی تر سەر لەنوێ دەینێرنە دەرێ و دەتوانێ بچێتە نەخۆشخانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە یەکساڵ لەو بەروارە تێپەڕ بووە و هەروەها سەرەڕای چڵک کردن و هەوکردنی شوێنی برینەکەی لە لاقی دا و دۆخی نالەباری تەندرووستی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە ڕێگری دەکرێت لەناردنە دەرەوەی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان