لە شاری قەڵادزێ ژنێکی ۳٦ ساڵانە بە هۆی لێدان و شکەنجەوە کوژرا

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە شەوی ۲۰۱۷/۰٥/۳۱ ژنێکی خەڵکی قەڵادزێ لە باشووری کوردستان بەنێوی “کوێستان حەسەن” بە هۆی لێدانی بە شیش و چەقۆ و بلۆک لە لایەن مێردەکەیەوە کوژراوە.

کۆێستان ماوەی ۱٨ ساڵە ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و دایکی ٦ منداڵە و لەو ماوەیەدا بە دەیان جار لەلایەن هاوژینەکەیەوە تووشی ئەشکەنجە و لێدان هاتووە.
زانراوە کە ناوبراو چەندین جار لە دژی مێردەکەی لە پۆلیس سکاڵای تۆمار کردووە و بە دەیان جار تۆراوەو گەڕاوەتەوە ماڵی باوانی، بەڵام هەموو جارێ گەڕێنراوەتەوە لای هاوژینەکەی.
یەکێک لە خزمەکانی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند کە پێیانوایە کوڕە ۱٦ ساڵەکەی و خوشکەمێردەکەی و مێردی دشەکەشی دەستیان لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی کوێستان دا هەیە و لەسەر ئەو بابەتەش سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام هەتا ئێستا لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ڕاپەڕینەوە بانگهێشت نەکراون. هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئێمە لەو کەیسە خۆش نابین.
زانراوە کە تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی یاسایی سلێمانی گوازراوەتەوە و پۆلیسی ڕاپەڕین دەڵێ کوڕەکەی دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان