لەبەر هەڵاتنی چەند گیراوێک ڕێگە بە “ئەیوب ئەسەدی” نادرێ سەردانی ماڵەوە بکات

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، “ئەیوب ئەسەدی” گیراوی سیاسی کورد و دوورخراوە بو  گرتووخانەی کاشمەر، کە لەبەر نەخۆشییەکانی هەناسە، بڕبڕەی پشت، کێشەی کولیە و کەمبوونەوەی سۆمای چاوی چەپی دەناڵێنێت، بۆ ماوەی ٦ ساڵە لە تیمارکردن لە دەرەوەی زیندان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

بەگوێرەی هەواڵنێری هرانا، خزم و کەسی ئەیوب ئەسەدی وتوویانە کە بەرپرسان هۆکاری ڕێگە پێنەدانی  ناوبراو بەمەبەستی چارەسەری لە دەرەوەی گرتووخانە، بۆ هەڵاتنی چەند گیراوێک لە کاتی ئیزن  پێدانیان، دەگێڕنەوە.

شایانی باسە کە ئەو گیراوە کوردە، لەبەر گوێنەدانی بەرپرسان بە نەخۆشییەکانی و پێنەدانی ئیزنی هاتنەدەرەوە و سەپاندنی ۲۰ساڵ زیندانی نادادوەرانە، لە ۱٦ی جۆزەردانی ۱۳۹٥، مانی لەخواردن گرت کە لەبەر پێداگری بنەماڵەکەی دوای ۲۹ ڕۆژ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و بەرپرسانی گرتووخانەش بەڵێنی ناردنی بۆ خەستەخانەیان پێدا. بەڵام داواکارییەکانی دیکەی وەک ئیزن دانی و سەر لەنوێ چاوخشاندنەوە بە حووکمەکەی پشتگوێ خرا.

ئەیوب ئەسەدی خەڵکی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ساڵی ۱۳۹۰ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە یەکێک لە ئاواییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرا و لە گەلاوێژی ۱۳۹۱ بە تاوانی شەڕکردن لەگەڵ خودا لەڕێی پەیوەندی و هاوکاری کردنی یەکێک لە پارتە کوردییەکان، لەلایەن لقی ۱ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە ۲۰ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی کاشمەر، سزادرا.

 

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان