بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دوشەممە، ۲۹ی مای ۲۰۱۷، بەسیمە کۆنجا پەرلەمانتاری شاری سێرتی باکوری کوردستان لەسەر لیستی هەدەپە کە وتەبێژی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە فڕۆکەخانەی ئیلیح دەستگیرکرا.
ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگایی حکومتی تورکیاوە ئازادکرابوو، بەڵام داوکاری گشتیی تورکیا داوای کردوەو دووبارە دەستگیربکرێتەوە.
بەسیمە کۆنجا لە ٢٠ى شوباتی ١٩٧٠ لە ناوچەى ئەلبیستانی پارێزگاى مەرەشى باکوورى کوردستان لە دایکبووە.
لە تەمەنى ٢٣ ساڵیدا و لە ساڵى ١٩٩٣دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکرا و بە تۆمەتى ئەنجامدانى کارى سیاسى سزاى ١١ ساڵ زیندانیکردنى بەسەردا سەپێنرا و تاوەکو ساڵى ٢٠٠٤ لە زینداندا بوو.
لە دواى ئازادبوونى لە زینداندا چووە ڕیزى پارتى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (دەتەپە) و لەگەڵ ئەنجامدانى کار بۆ ئەو حزبە توێژینەوەشى لەسەر ژنان و ئەو توندوتیژییانەى بەرامبەریان ئەنجام دەدرا دەکرد.
لە ساڵى ٢٠٠٩دا و جارێکیتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە لە چوارچێوەى دۆسیەى کەجەکەدا دەستگیرکرایەوە و ماوەى ٥ ساڵ لە زینداندا ڕاگیرا و دواتر لە ساڵى ٢٠١٤دا لە زیندان ئازادبوو.
لە دواى ئازادبوونى و بەهۆى داخستنى دەتەپەوە لەلایەن حکومەتى تورکیاوە، چووە ڕێزى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) و کاریشى لەگەڵ کۆمەڵەى کۆنگرەى ژنانى ئازاد دەکرد. لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمى ٢٠١٥دا لەلایەن هەدەپەوە لە شارى سێرتى باکورى کوردستان پاڵێورا بۆ پەرلەمان و سەرکەوتنى بە دەستهێنا.
لە دواى نزیکەى ساڵێک و یەک مانگ لە ئەنجامدانى کارى پەرلەمانى بۆ هەدەپە، دیسانەوە لە ڕۆژى ١٣ى کانوونى یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیرکرایەوە و ڕەوانەى زیندانى کاندریە کرا. لە دواى نزیکەى ٦ مانگ لە مانەوەى لەزینداندا رۆژى ٣ى ئایاری ٢٠١٧ لەلایەن دادگاوە بڕیارى ئازادکردنى بۆ دەرکرا.
جێی ئاماژەیە کە حکومەتی تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی دژی گەلی کوردستان دەست پێ کردوە و تا ئێستا چەندین پارلمانتار، سیاسەتمەدار، سەرۆک شارەوانی کوردی دەستبەسر و رەوانەی گرتووخانە کردوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان